سەردێر

یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوە

خەڵك-
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پرسەكانی حكومەت و ھەماھەنگی پەڕلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، كە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنرێ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵە‌بانی، ھاوسە‌رۆكی یە‌كێتی بە سەرۆكایەتی شاندێكی حزبەكە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لە دە‌باشان كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تایبەت بەكاروباری حكومەتی ھەرێم و حكومەتی خۆجێیی سلێمانی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ھەردوولا ھاوڕابوون، كە كێشە ھەنووكەییەكانی ئەمڕۆی كوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا ھەیە و پێویستە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنرێ بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان.

ڕاشیگەیاندووە، باس لەدوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق كرا و لە‌سە‌ر بنەمای ڕەوشی هەنوكەیی پلانی داهاتوو بۆ پتەوكردن و ڕێكخستنەوەی كار و ئەجێندای یەكێتی و گۆڕان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “باس لەڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان كرا و چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كەماون و پێویستە جێبەجێ بكرێن و پە‌یوە‌ستن بەدام و دەزگاكانی حكومەت، هاوكات پێشنیاریش كرا كۆبوونەوەكان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێكەوتنەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان كەئەمەش ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی كوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق”.