سەردێر

تەندروستی سلێمانی كێشەی كەمی میلاكی هەیە

خەڵك-
سەرۆكی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كە كەمی كێشەی میلاكیان هەیە و ژمارەیەكی زۆری كارمەندانیش نەخۆشن.

هاوژین عوسمان، سەرۆكی لقی سلێمانی كارمەندانی تەندروستی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ژمارەی میلاكمان 50% كەمی كردووە و 25%یشی بەكاردەهێنین بۆ دەوام، كە نیو دەوام دەكرێت و بەشێكی كارمەندەكانمان نەخۆشن، بۆیە كێشەی زۆرمان هەیە لە میلاك.

وتیشی، “تەندروستی سلێمانی پێویستی بە 26 هەزار كارمەند هەیە بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئێمە 13 هەزار كارمەندمان هەیە و لەوەش بەهۆی نیودەوامەوە تەنها نیوەی دەوام دەكات و بەشێكیشیان نەخۆشن، ئیتر بەو جۆرە خزمەتگوزاری تەندروستی پەكی دەكەوێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا بەشێكی كارمەندانمان نەخۆشن، بەتایبەتی بەشێكیان تووشی فەقەرات و قاچ ئێشە بوون، بەڵام سەرەڕای كەمی مووچە بەردەوامن لە خزمەت.

جەختیشی كردەوە، كەمی میلاك و دانەمەزراندنی كارمەندی نوێ‌ كێشەی زۆری بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی دروست كردووە، بۆیە پێویستە حكومەت چارەسەری بكات و دەرگای دامەزراندن بكاتەوە، چونكە خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی باری سەرشانی هاووڵاتیان سووك دەكات، بەتایبەتی كە بەهۆی قەیرانەكانەوە هاووڵاتیان دۆخی ئابووریان خراپە.

ئاشكراشی كرد، كارمەندی تەندروستی هەیە پێویستی بە چاندنی گورچیلە هەیە دەبێت بچێت لە نەخۆشخانەی ئەهلی بیكات بە 18 ملیۆن و 20 ملیۆنیش بدات بە گورچیلە، كە ئەگەر لە نەخۆشخانەی حكومەت بكرێت پارەی نەشتەرگەرییەكەی بۆ دەگەڕێتەوە.