سەردێر

پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە

خەڵك –
جێگری سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەمساڵ چوار خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانیان ئامادە كردووە بۆ ساڵەكانی 2018 و 2019 ، كە بۆ هەر ساڵێك دوو خشتە ئامادە دەكرێت و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەكەن.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی هێزی پێشمەرگە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی پێشمەرگە كار لەسەر خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران بەردەوامە و ساڵانە دوو خشتەی پلەبەرزكردنەوەی هەیە (مانگی ئازار و ئەیلول).

وتیشی، “لە ئێستادا لیژنە تایبەتمەندەكانی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی ڕێكخستنی خشتەی ئازار و ئەیلولی 2018 و ئازار و ئەیلولی 2019 بوون و بەم زووانە ئامادە دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، دوای تەواوكردنی ڕێكارە كارگێری و هونەرییەكان، خشتەكان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت بۆ پەسەندكردنی و خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ساڵانە بەردەوامی هەیە.

ماوەی 7 ساڵە فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی یاسایی پلەبەرزكردنەوە بێ‌ بەشن، بەڵام بۆ هێزەكانی ناوخۆ پلەبەرزكردنەوە ڕانەگیراوە و لە ساڵی ڕابردووشەوە پلەبەرزكردنەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كراوەتەوە.