سەردێر

خەڵك؛ زانیاری لەسەر مووچەی پێشمەرگە بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكرد، كە هاوپەیمانان بڕی 20 ملیۆن دۆلاریان بۆ مووچەی ئەم مانگە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تەرخان كردووە و 3 مووچە پێكەوە دەدرێت.

ماوەی چەند مانگێكە بەپشتیوانی و هاوكاری هاوپەیمانان بەشێكی زۆر لە هێزەكانی پێشمەرگە، كە لە 14 لیوا و سێ فێرگەی مەشق و چەند فەوجێك پێكهاتوون مانگانە سێ مووچە بەبێ لێبڕین وەردەگرن وەك قەرەبوویەك بۆ مووچە نەدراوەكانی ساڵی ڕابردوو.

سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ (خەڵك) ئەوەی پشتڕاست كردەوە، كە بۆ ئەم مانگەش هاوپەیمانان هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و بڕی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ مووچەی ئەم مانگەی لیوا و فێرگەكانی مەشق دابین كردووە.

ئاشكراشیكرد، هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو بۆ ئەم مانگەش ئەو شوێنانەی پێشتر سێ مووچەیان وەرگرتووە، سێ مووچەی دیكەیان بەبێ لێبڕین پێدەدرێت.