سەردێر

هەڵبژاردنەكانی ئێران نزیكدەبێتەوە

كورد بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

خەڵك-

 

ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران ڕایدەگەیەنێت، پێناچێت ڕژێمی ئێران بتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بەئاسانی و بەئاشتیخوزانە بەڕێوەبەرێت.

بڕیارە 18ی ئەم مانگە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئێران بەڕێوەبچێت و 7 كەسیش خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، هاوكات هەڵبژاردنەانی شورای ئەو وڵاتەش لە هەمان بەروار بەڕێوەدەچن و بەپێی زانیارییەكان، كوردەكان پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بایكۆت دەكەن.

 

“كورد بە گشتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەن و حزبەكانیش داوایان لە هاووڵاتیان كردووە بەشداری هەڵبژارنەكان نەكەن”

 

نەسرین ڕەمەزان ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، هەڵبژاردن چەند ڕۆژێكی ماوە ئەنجام بدرێت، كاتێك تەماشای دۆخی سیاسی دەكەین، پێناچێت ڕژێمی ئێران بتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بەئاسانی و بەئاشتیخوزانە بەڕێوەبەرێت.

وتیشی”قسەی خەڵكی و شەقامی ئێران باس لەوە دەكەن لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری ناكەن، هۆكاریش ئەوەیە پێشتر بەر لە هەڵبژاردنەكان بەڵێنیان پێدراوە كە چاكسازی دەكەن، بەڵام دوای هەڵبژاردن كاتێك خەڵكی داوای جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە دەكات، دەستبەجێ دەستگیردەكرێت و ڕووبەڕووی كاردانەوەی تووندی ڕژێمی ئێران دەبێتەوە”.

ئاشكراشیكرد، دەسەڵاتی ئێران لە بەربەستێكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا گیربووە، لەلایەكەوە بەڵێن دەدات و لەلایەكی ترەوە خەڵكی سەركوت دەكات، ئەم خولەی هەڵبژاردنیش تەواوی مەبەستیان ئەوەیە حكومەتێك بەدەستبهێنن سوپای پاسداران و قودس و سەرجەم سوپاكانی تر دەسەڵات بگرنەدەست و لەهامانكاتدا خودی دەسەڵات بە دەست (بەیتی ڕەهەبەری و سوپای پاسداران)ـەوە بێت، دەیانەوێت خەڵك لەترسدا بژین و حكومەت بەئارەزوی خۆی بڕیاربدات.

سەبارەت بە بەشداری كورد لە هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە، حەسەن كاكیلی بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كورد بە گشتی بایكۆتی هەڵبژاردنەكان دەكەن و حزبەكانیش داوایان لە هاووڵاتیان كردووە بەشداری هەڵبژارنەكان نەكەن.

 

“پێناچێت ڕژێمی ئێران بتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بەئاسانی و بەئاشتیخوزانە بەڕێوەبەرێت”

 

وتیشی”جگە لە حزبە كوردییەكان، حزبێك هەیە بەناوی بەرەی یەكگرتووی كورد كە لە تاران دامەزراوە و وەكو حزبێكی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كردووە، هاوكات هەندێك كەسایەتی وەك ئەحمەدی نەژاد كە سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بوو، بایكۆتی كردووەو وتویەتی دیموكراسی تێدا نییە، مافی خەڵكی پارێزراو نییە و دەنگی خەڵك ئیعتیباری نییە”.

ئاشكراشیكرد، هاووڵاتیانی كورد بۆ هەڵبژاردنەكانی شورا بەشداری دەكەن، چونكە ئەو بابەتە پێویستە هەموو گوند و شارێك پێویستی بەو هەڵبژاردنانە هەیە، بەڵام بۆیە تێكەڵیان كردووە، چونكە خەڵك بۆ شورا ناچارە بەشداری بكات.

“پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەرعیەتدانە بە حزبە دەسەڵاتدارەكان”

 

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەرعیەتدانە بە حزبە دەسەڵاتدارەكان و هیچیتر، لەبەرئەوە هیچ ڕوئیایەكی گۆڕانكاری لە هەڵبژاردنەكانی ئێرانیش بەدی ناكرێت.

ئەو چاودێرانە ئاشكراشیدەكەن، بوونی قەیرانی دارایی لە ئێران وایكردووە، هاووڵاتیان بڕوایان بە پڕۆسەكە نەبێت، چونكە پێیان وایە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی ئەتۆم، ئێران ناتوانێت دۆخی ژیان و گوزەرانی ئەوان چارەسەر بكات.