سەردێر

نانی بۆر بخۆین یان نانی سپی؟

خەڵك-

بەپێی ڕاپۆرتی شارەزایانی بواری خۆراك نانی جۆ ڕیشاڵی زیاتری تێدایە و بۆ تەندروستی مرۆڤ باشترە و كرداری هەرس كردن ئاسانتر دەكات و یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێش.

لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، توێژینەوەكان دەریان خستووە نانی بۆر (جۆ) ڕێژەیەكی باش ڕیشاڵی سروشتی لە پێكهاتەكەیدا هەیە ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر شێرپەنجەی گەدە و ڕیخۆڵە.
وتیشی، “نانی بۆر كرداری هەرسكردن ئاسان دەكات‌ و یارمەتی مژینی پێكهاتەكانی خۆراك دەدات بۆ جەستە، هاوكات نانی جۆ هۆكارە بۆ دابەزاندنی كێش بەهۆی ئەوەی زۆربەی كات وا هەست دەكەیت تێریت ‌و ئارەزووی خواردن كەم دەكات”.

ئەو ئەندازیارەی خۆراك ئاماژەی بەوەشكرد، دەربارەی نانی سپی (گەنم)، ئەگەر بێتو كەپەكەكەی لا نەبرێت ‌و نەبێژرێتەوە، هەمان سوودی نانی جۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەبووە بە نەریت لە شوێنە گشتییەكان لەپاڵ نانی سپی، نانی بۆر (جۆ) بەكاربهێنرێت بە تایبەتی لەو شوێنانەی خواردنی خێرا و لەفەی لێ دەفرۆشرێت.