سەردێر

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ؛ 3 ئەندامیان لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراون

خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایدەگەیەنێت ، 3 نوێنەریان لە كاتی چووبوونیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەمەبەستی پـێشوازیكردن لەژمارەیەك میوانیان، كە لە ئەوروپاوە هاتوون لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیركراون.

عەیشێ حسۆ، هاوسەرۆكی پەیەدە بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندووە، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشیەوە 3 نوێنەریان لە كاتی چووبوونیان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەستگیركراون، كە هێشتا نازانن هۆكاری دەستگیركردنی ئەو سێ ئەندامەیان چیـیە.

هاوكات لە ڕاگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا باسی لەوە كردووە، كە ڕووداوەكە دوێنێ پـێنجشەممە بووە و دەستگیركراوەكانیش بریتین لە( جیهاد حەسەن، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە هەولێر و مستەفا خەلیل، ئەندامی پەیوەندیـیەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) و مستەفا عەزیز، ئەندامی هەمان پارت) پێكهاتوون.

ئاماژەبۆئەوەشكراوە،كە تائێستا كاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەلایەن كاربەدەستانی هەرێمی كوردستانەوە وەڵام نەدراونەتەوە، بۆیە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن دەستبەجێ ئەو ئەندامە دەستگیركراوانەیان ئازادبكەن.