سەردێر

یورۆ بە گڕكان دەستپێدەكات

خەڵك-
ئەمڕۆ هەینی لە یاریگای “ئۆڵمپیكۆ” لە شاری ڕۆما، یارییەكانی پاڵەوانێتی نەتەوەكانی ئەوروپا (یورۆ) دەستپێدەكەن، لە كاتژمێر 10ی شەو هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و توركیا لە خولی یەكەمی گروپەكاندا بە یەك دەگەن، ئەمەش بە بەهێزترین یاریی و بە گڕكان ناودەبرێت.


هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ورەیەكی بەرزەوە لەژێر سەرپەرشتی رۆبیرتۆ مانشینی ڕاهێنەری دەچێتە نێو یاریگا، ئەمەش لەكاتێكدایە دوایین دۆڕان كە ڕووبەڕووی (ئاتزۆری) بۆوە لە ساڵی 2018دا بوو.

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، گورزێكی كوشندەی بەركەوت، كاتێك لۆرنتسۆ بلیگرینی یاریزانی ناوەڕاستی ڕۆما بەهۆی پێكانەوە لە پێكهاتەكە چووەدەرەوە، بە هەمان شێوە ڕاپۆرتەكان ئاماژە بە ئامادەنەبوونی ماركۆ فیراتی یاریزانی ناوەڕاست دەكەن لە یارییەكەدا بەهۆی پێكان لە ئەژنۆ، بەڵام پێشبینی دەكرێت بۆ یاریی دووەمی ئیتاڵیا لەگەڵ سویسرا یاریی بكات.

ئیتاڵیا ئەركێكی قورسی دەكەوێتە ئەستۆ بەرانبەر بە هەڵبژاردەی توركیا كە هەڵبژاردە بەهێزەكانی جیهانی تووشی شكۆك كرد، بەوپێیەی چوار خاڵی لە ردوو یاریی بەرانبەر بە فەرەنسا پاڵەوانی جیهان دەستەبەركرد لە پاڵاوتنی پاڵەوانێتی ئەوروپا، بە هەمان شێوە لە پاڵاوتنی جامی جیهان لە هۆڵەندای بردەوە و لەگەڵ ئەڵمانیا و ئۆكرانیاش لە یارییە دۆستانەكاندا بەرانبەر بوو.