سەردێر

بەوێنە، دەوترێت ئەم گەنمە دەكرێت بە ئارد!

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
بەپێی چەند وێنەیەك كە دەست (خەڵك) كەوتوون، سەكی بەرەڵڵا خۆی لەنێو ئەو گەنمەدا دەگەوزێنێ‌ كە بۆ هاووڵاتیان دەكرێتە ئارد و لەڕێی بریكارەكانەوە دابەش دەكرێت.

وێنەكانی خوارەوە كە لە شاری هەولێر و لە یەكێك لە گەنجینەكانی هەڵگرتنی دانەوێڵە لە شارەكەدا گیراون، دیمەنی ئەو سەگە بەرەڵایانە دەخەنەڕوو كە لەنێو گەنمی ئامادەكراو بۆ هاڕین راكشاون، لەكاتێكدا ئەو گەنمە دەكرێت بە ئارد، تا دواتر لەڕێی بریكارەكانەوە بەسەر هاووڵایاندا دابەش بكرێت.

ئەم وێنانە لەگەڵ ئەوەی دوو دڵی لەنێو هاووڵاتیاندا دروست دەكەن لەڕووی بەكارهێنانی ئاردی بایەعی و كردنی بە نان، خەمساردی بەرپرسانی كەرتی كۆمپانیاكانی بازرگانی دانەوێڵەش دەخەنەڕوو كە بایەخ بە تەندروستی گشتی نادەن.

هەر لەو بارەیەوە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان ڕونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت”ھاولاتیانی ھەرێمی كوردستان و میدیا بەرێزەكان ئاگادار دەكەینەوە ئەو وێنەی بلاو كراوەتەوە گوایە شوێنی كارگەكانی بەرھەمھێنانی ئاردە . لێرەوە وێنەی شوێنی ھەلگرتنی ئارد بەھاوپێچ لەگەل ئەو وێنەی بلاو كراوەتەوە بلاو دەكەینەوە كە ئەو شوێنە دورو نزیك پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازیەوە نییە”.

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم، داوا لەسەرجەم میدیاكان دەكات بۆ دلنیابون لەو گەنمەی دەكرێتە ئارد و شوێنی ھەلگرتنی گەنم، سەردانی شوێنەكان بكەن و نیشانی خەلكی كوردستان بدەن لەڕاستی و دروستی بابەتەكە، تا لەھەوالی ناڕاست دووربكەونەوە.