سەردێر

هەرێم..وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەران دەكرێت

خەڵك

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە ھەرێمی كوردستان دەڵێت، حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا ھەموو وەزارەتەكانی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەراندا بكەن و ھەر كەسێك بە نایاسایی یاخود ناشایستە پلەیەكی وەرگرتبێت، لێی وەربگیرێتەوە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ڕاگەیاند، یەكێك لە خاڵەكانی یاسای چاكسازی ئەوەیە، هەركەسێك كە بە ناسایایی یاخود ناشایستە ھەر پلەیەكی وەرگرتبێت لە ھەر وەزارەتێك یاخود دامودەزگایەك لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان، پێویستە لێی وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پلەیەی كە شایستەیەتی.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان وتیشی: ئێستا ھەموو وەزارەتەكان ڕاسپێردراون كە پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەراندا بكرێت و وەزارەتەكانیش بەردەوام لەوبارەیەوە كار دەكەن و بەشی زۆریان كاری خۆیان تەواو كردووە، كە سەرجەم فەرمانبەران تەواو بوون، ئەوكات لیژنەی باڵای چاكسازی بڕیاری لەسەر دەدات.