سەردێر

قائیمقامی هەولێر: نێرگەلە لە باخچە و پاركەكان ناهێڵین

خەڵك

قائیمقامی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەشێك لە پارك و باخچە و دوورگەكانی سەوزایی شارەكە لە شێوەی كافتریایان لێكراوە و بەشێك لەگەنجان كردوویانە بە شوێنی نێرگەلەكێشان، ئاماژەبەوەشدەدات، ماوەی دوو مانگە هەڵمەتێكیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو نێرگەلانە دەستیپێكردووە.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایگەیاند: “ماوەیەكە بەشێك لە باخچە و پارك و دوورگەكانی سەوزایی لە شاری هەولێر لەلایەن بەشێك لە گەنجان كراونەتە شوێنی نێرگەلەكێشان و بۆ ئەو مەبەستە دوو مانگ دەبێت هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی ئەو نێرگەلانەمان دەستپێكردووە و تائێستا بەسەدان نێرگەلە دەستیان بەسەرداگیراوە”.

نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوەدا نێرگەلەكێشان لەو شوێنانە چەندین زیانی هەیە، لەوانە زیانی بۆ دارو درەخت و باخچەكان هەیە و بەهۆی ئاگرەوە مەترسی هەیە دارەكان و ئەو شوێنانە بسووتێن، هەروەها ئەو شوێنانە بەهۆی نێرگەلەكێشانەوە بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەكان ڕووی تێنەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانەی لەو شوێنانە دادەنیشن بەتایبەت لەناوەڕاستی شەقامەكاندا ئەگەری هەیە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت.