سەردێر

توركیا هەڕەشە لە عیراق دەكات

خەڵك-
مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشە لە عیراق دەكات و دەڵێت، لابردنی كەمپی مەخمور ئەركی سەرشانی حكومەتی عیراقە و گەر ئەو ئەركە لەئەستۆ نەگرێت، ئەوا خۆیان ئەو كارە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، چاوش ئۆغڵۆ لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی تەلەفیزیۆنی (تی ئار تی)ی توركی ڕایگەیاند”چۆڵكردنی كەمپی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتی حكومەتی عیراقە، بەڵام گەر پێویست بكات، توركیا ئەو كارە دەكات”، ئاماژەی بەو وتوێژانەش كرد كە لەو بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانی عیراقدا ئەنجام دەدرێت.

توركیا جارێكی تر لەبارەی كەمپی مەخمورەوە داوای لە عیراق كرد چۆلبَكرێت، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێكە لەو بۆرومانەی كرایە سەر كەمپەكە و بووە مایەی گیانلەدەستدانی سێ‌ كەس.

ئەنقەرە پێیوایە كەمپی مەخمور (180 كیلۆمەتر لە باشووری سنورەكانی توركیا)، ماوەی 20 ساڵە داڵدەی پەنابەرانی كوردی باكووری داوە و لەلایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە بەكاردەهێنرێت.