سەردێر

یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی داهاتووی سەرۆك كۆمار ئاشكرا كرد

خەڵك-

هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا كاندیدی حزبەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق تەنها بەرهەم ساڵحە.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی شەرقییە ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح توانیویەتی لە دۆخێكی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە تا ئێستا كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

وتیشی”یەكێتی بەهێزەوە لە بەغدا ئامادە دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ قسەكردنی لەسەر هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێمە لە كوردستان لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ هەندێك لایەن، بەڵام دژی هیچ لایەنێك نییە و پێمانوایە دەبێت كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بێت”.

ئاشكراشیكرد، ئێمە لەگەڵ هاوكارەكانی خۆمان زۆر شتمان باس كرد، بەدڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنەكانمان كرد، گەلی كورد داوای هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام ئامادەین بۆی، تەنانەت یەكێتی بڕوای وایە دەبێت لەمكاتەی ئێستادا هەڵبژاردن بكرێت.

ڕوونیشیكردەوە، دەبێت هەڵبژاردنەكان لە كەشێكی سەقامگیر و ئاسایشدا ئەنجام بدرێت، دوور لە هەموو دەستێوەردانێك، پێمانباشە لایەنێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام سەروەری عێراق زۆر گرنگە بۆ ئێمە و دەبێت دۆسیەی هەڵبژاردنەكان لە دەستی خۆماندا بێت.