سەردێر

٢٦٠ كیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی مینڕێژكراو لە هەرێم پاك دەكرێتەوە

خەڵك-ئارام سەردار

بەمەبەستی هێنانی باروبوو(فەند) بۆ كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان و زیاتر بەرەو پێشبردنی بەرنامەی كاورباری مین لە كوردستان، یاداشتی لێكتێگەیشتن لە نێوان دەزگای مین و ڕێكخراوی (ITF)ی سلۆڤینی ئەنجام درا.

جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین لەكۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەندینجار قسەلەگەڵ ڕێكخراوی ITF سلۆڤینی كراوە، كە لەزۆربواری كاردەكات بەتایبەت دابینكردنی ئاسایشی مرۆڤ و مین پاكی لەوڵاتان، لەساڵی ١٩٩٨ ڕێكخراوەكە دامەزراوە و لە٣٢ وڵات كاردەكات.

دەشڵێت، لەهەرێمی كوردستان هێشتا ڕووبەرێكی زۆر بەمینچێنراو هەیە، لەگەڵ ڕێكخراوەكە ڕێككەوتین بۆ ئەوەی پڕۆژەیان هەبێت و لەكوردستان لەپاككردنەوەی زەویەكان و دابینكردنی ئاسایشی مرۆڤ،ئەوانیش بەڵێنیانداوە لەبواری هۆشیاری هاوڵاتیان لەپاشماوەكانی جەنگ و مین و پاككردنەوەی زەویەكان كاربكەن، هەروەها لەبواری پاڵپشتی كردنی قوربانیانیش كەوا كۆمەڵێك سەنتەرمان هەیە پێویستیان بەهاوكاریە پڕۆژەیان بۆیان دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ٧٧٦ كیلۆمەتر چوارگۆشە پیس بوو بەمین و پاشماوەی جەنگی، لەدوای ساڵی ١٩٩١ەوە لەم ڕێژەیە ٢٦٠ كیلۆمەتر چوارگۆشە ماوە پاكبكرێتەوە، لە٦٠٪ زەویە بەمین چێنراوەكانیش دەكەوێتە پارێزگای سلێمانی، ڕەتیشیكردەوە زانیبێتیان پەكەكە زەوی مین ڕێژكردبێت.

باسی لەوەشكرد، دەزگاكەیان پێشكەوتووە لەڕووی توانا و شارەزایی كارمەندەكان و تیمەكانیان، گەر وڵاتان هاوكارمان بن دەتوانین پلانمان هەبێت ڕۆژبەڕۆژ مەترسیەكان لەسەر هاوڵاتیان كەم بكەینەوە.

تۆماس لۆڤرینجچ، باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤینیا و بەرێوەبەری گشتی ڕێكخراوی(ITF) ڕایگەیاند، ڕێكخراوەكەی ئەوان ڕێكخراوێكی خێرخوازی قازانج نەویستن ئامانجمانە كێشەی مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەكان لە ناوببەین بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی دووربێت لە مەترسیەكانی مین، هەر وەها كاری ئێمە ئەوەیە هاوكاری و پاڵپشتی دارایی و لۆجستی بۆ ئەو وڵاتانە بدۆزینەوە كە گیرۆدەی مین و تەقەمەنین، لەمەودوا كوردستان دەبێتە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانمان.
جێگەی ئاماژەیە رێكخراوی (ITF) سەر بە حكومەتی سلۆڤینیایە و لە ساڵی 1998 دامەزراوە لە 32وڵاتی جیهان لە بواری مین و ئاسایشی مرۆڤ كار دەكات زیاتر لە (3100)پرۆژەی لە سەرانسەری جیهان ئەنجامداوە لە هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت هاوكاری دەزگای گشتی كارووباری مین بكات و پڕۆژەی گرنك ئەنجام بدات بەئامانجی كەمكردنەوەی ڕووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی.