سەردێر

پێنج سەرمایەدارى هەرێم، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرمایەكانیان دەخەنەگەڕ

خەڵك-

جێگری هەماهەنگی ئابووری پارێزگاری سنە ڕایدەگەیەنێت، پێنج سەرمایەدار ئامادەكاریان كردووە بۆ بەشداربوون لە ناوچەی تایبەتی بانە.

میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، خالید جەعفەری جێگری هەماهەنگی ئابووری پارێزگاری سنە ڕایگەیاند، تا ئێستا 5 كۆمپانیای هەرێمی كوردستان داواكاری خۆیان بۆ سەرمایەدانان لە ناوچەی تایبەتی ئابووری بانە ڕاگەیاندووە.
وتیشی”ئێمە دەبێت ئاسانكارییان بۆ بكەین و ڕێگا بۆ بەشداری سەرمایەدارە بیانییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاوەڵا بكەین و داوش لە ژووری بازرگانی سنە دەكەم سەرمایەدارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەدانان لە بانە بانگهێشت بكەن”.

پێشتر كۆڕبەندێكی ئابووری بانە بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری پیشەسازی ئێران و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی ئێران و پارێزگاری سنە و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو وڵاتە و وەفدی باڵای هەرێم كە پێكهاتوون لە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و 30 سەرمایەداری هەرێمی كوردستان و ئێران، بەڕێوەچوو.

لای خۆشیەوە یاسین مەحمود ڕەشید خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی بەڕێز و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوڕدستان، كە یەكێكە لە بەشدارانی كۆڕبەندە ئابوورییەكە، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسا كارپێكراوەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناوچە بازرگانی و پیشەسازییە سەربەخۆكان، ڕێگا خۆشكەرە بۆ سەرمایەدارانی دەرەكی كە پڕۆژە بە ناوی خۆیانەوە ئەنجام بدەن و مافی تۆماركردنی ڕاستەوخۆ وەردەگرن.
وتیشی”بەپێی یاسا، ڕێساكانی گومرگ زۆر ئاسان دەكرێن، جگە لەوەش هاتوچۆ لەگەل ناوچە ئازادەكان و ناوچەكانی دەوروبەری ئاسان دەبێت و ڤیزا لە نێوانیاندا نامێنێت و سەڕەڕای ئەوەش هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەو نێوەندەدا ئاسانكاری زۆری بۆ دەكرێت.
ئاشكراشیكرد، بەرهەمی ئەو ناوچانەش سوودی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بۆ شارۆچكەكانی پێنجوێن و كەلار، پێویستە بەرژوەندییە ئابووریەكانی خۆمان بپارێزین و هاوسەنگی بكەین.