سەردێر

حزبی دیموكرات: دوای هەڵبژاردنەكان، ئێران بەرەو دیكتاتۆری زیاتر هەنگاو دەنێت

خەڵك-

بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێران دوای هەڵبژاردنەكان زیاتر بەرەو دیكتاتۆری دەچێت.

بڕیارە ئەم مانگە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئێران بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو پۆستەش 7 كەس كاندیدن، ئەمەش لەكاتێكدایە، چەندین كاندیدی بەهێز لەوانە ئەحمەدی نەژاد خۆیان كاندید كرد، بەڵام لە پڕۆسەكە دوورخرانەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆی لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ كاندیدەكان بۆ گەڕانەوی مافی كورد لەو وڵاتە، حەسەن كاكیلی بەرپرسی سیاسی هێزی پارێزگاری حزبی دیموكراتی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشتر جارێك وامانكرد و لەگەڵ چەند كاندێدیك بە نهێنی پەیوەندیمان هەبوو، هەندێك بابەتیان لەبەرانبەر كێشەی كورد لەبەرچاو بوو، بەڵام هیچیان نەكرد، بەڵام كاندیدەكانی ئێستا هیچ ڕوناكییەكیان تێدا نابینین وەكو مافی مرۆڤ و مافی كورد.
وتیشی”ئەوانەی ئێستا كاندیدن هەموویان كەسی یەكەم و دووەم و سێهەم بوون لە دەسەڵاتی ئێران و دەستیان سوور بووە بە خوێنی لاوانی كورد و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی”.

ئاشكراشیكرد، ئێستا ڕەئیسی كە لە هەموویان لەپێشترە لە چەند ساڵی ڕابردوو سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بووە و تۆمەتبارە بە قەتاڵ و عامی هاووڵاتیان، لە مافی مرۆڤ و نەتەوەیەكگرتووەكان ناوی هەیە بە تاوانی كۆمەڵكوژی و لەسێدارەدان دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، هەڵبژاردن لە ئێران وەك شانۆیەك دەبینین، ئەگەر یەكێكی وەكو ئیبراهیم رەئیسی-ش كە لەگەڵ خامەنەیی هاوفكرن بیباتەوە، لەوانەیە دیكتاتۆری زیاتر ببێت لەو وڵاتە.