سەردێر

بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان گۆڕانكاری بەسەردا هات

خەڵك-

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بۆ هەر تاكێك دیاری دەكات و جۆرەكانیشی زیاتر دەبێت.

نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەپێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی خۆراكی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ كە ئاڕاستەی لقی بەڕێوەبەرایەتیەكانی خۆراك كراوە ڕایانگەیاندوە ئامادەكاری بكەن بۆ وەرگرتنی ئەو بەشەخۆراكانەی كە لەئایندەیەكی نزیكدا دابەش دەكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا .

ئاشكراشیكرد، بەپێی ئەو نووسراوە، لەمەودوا بۆ هەر كەسێك بەشە خۆراك بەمشێوەیە دەبێت برنج 3 كیلۆ، شەكر یەك كیلۆ، زەیت یەك لیتر، دۆشاوی تەماتە ٤٠٠ گرام، پاقلەمەنی یەك كیلۆ (فاسۆلیا و نیسك و نۆك)، ئارد ٩ كیلۆ.