سەردێر

سبەینێ‌ خۆرگیران ڕوودەدات

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە تایبەتەكانی بواری گەردوونناسی، سبەینێ‌ یەكەم دیاردەی خۆرگیرانی ئەڵقەیی ڕوودەدات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و عێراق نابینرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێك، كە پێگەی (ناشناڵ جیوگرافیك) بڵاویكردۆتەوە، لە ماوەی ئەمساڵی ٢٠٢١ەدا دوو دیارەی خۆرگیران و دوو دیاردەی مانگ گیران ڕوو دەدەن و لە زۆربەی وڵاتان دەبینرێن، كە لە 26ی مانگی ڕابردوودا یەكەم دیاردەی مانگ گیرانی تەواوەتی ڕوویدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان دیاردەكە نەبینرا.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی و بواری گەردوونی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ‌ پێنج شەممە 10ی حوزەیران خۆرگیران ڕوودەدات و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئەوروپا دەگرێتەوە و لەهەرێمی كوردستان ڕوونادات.

ئاشكراشی كرد، كە جارێكی دیكە دیاردەی خۆرگیران و مانگ گیران لە كۆتایی ساڵ ڕوودەدەنەوە و لە هەرێمی كوردستان دیاردەی مانگ گیرانەكە دەبینرێت.

لای خۆشیەوە، ڕایان میلیگان، مامۆستا لە فیزیای گەردوونی لە زانكۆی كوینز بلفاست ڕایگەیاندووە، سبەینێ‌ 10ی حوزەیران دیاردەی خۆرگیرانی ئەڵقەیی ڕوودەدات، كە تێیدا مانگ دەچێتە بەردەم خۆر و بەشێكی زۆری تیشكی خۆر بەشێوەی (ئەڵقەیی) دەگرێت.

ئاشكراشی كردووە، كە بەو هۆیەوە پلەكانی گەرما دادەبەزن، بەڵام لەكاتی نەمانی خۆرگیرانەكە زۆر مەترسیدارە سەیركردنی خۆر، چونكە چەندین تیشكی زیان بەخش دەگەنە سەر زەوی

خۆرگیرانی ئەڵقەیی بۆیە بەو ناوە ناسراوە، چونكە مانگ لەبەردەم خۆر دەبێت و بەهۆی بچوووی مانگەوە لەبەردەمی خۆردا، ناوەڕاستی تیشكی خۆر دەگرێت و تیشكەكانی بەشێوەی ئەڵقەیی و بازنەیی بەدەوری مانگدا دەردەكەون.