سەردێر

پەرلەمانتارێكی فەتح بۆ (خەڵك): دانبەخۆداگرتن بەرانبەر توركیا سنوری هەیە

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت پێیوایە، دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر خاكی عیراق سنوری هەیە و لە كاتنی گونجاودا عیراق وەڵامی دەبێت.

فازڵ فەتلاوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”دانبەخۆداگرتن بەرانبەر بە دەستدرێژییەكانی توركیا و پێشێلكردنی سەروەریی وڵات، سنوری دەبێت و لە كاتی گونجاودا عیراق وەڵامى دەبێت”.

بە وتەی فەتلاوی:”توركیا بە بیانووی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەنێو خاكی عیراق، دەستیكردووە بە دەستدرێژەیكردنە سەر خاكی عیراق و دەیەوێت لەوڕێگەیەوە ئەجێندا پاوەنخوازییەكانی خۆی جێبەجێ‌ بكات”.

بە بۆچوونی پەرلەمانتارەكەی فەتح:”توركیا لە بنەڕەتدا (پەكەكە) دەكاتە بیانوو، بەڵام لە لەشكركێشییەكانی لە عیراقدا خواستی شاردراوەی هەیە و تەماحی لە چەند ناوچەیەكی عیراقیدا هەیە، دابەخۆداگرتنيش لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژیانەدا سنوری دەبێت و لەكاتی گونجاودا لەلایەن عیراقەوە وەڵام دەدرێتەوە”.

فەتلاوی ئاماژەی بە شێوازیی وەڵامدانەوەكە نەكرد، بەڵام باسی لە بوونی زۆرێك لەو كارتە فشارانە كرد كە عیراق لەدەستیدایە و دەتوانێت بەرانبەر بە “سەرشێتییەكانی توركیا لە عیراقدا بەكارییان بهێنێت”.

ماوەیەكە هێزەكانی سوپای توركیا بە بیانووی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە ناوچەكەدا، بەشێوەیەكی چڕ دەستییان بە هێرش و بۆردومان كردووە، لە دوایین ئۆپەراسیۆنیشیاندا دەستییان بە بڕینی ڕووبەرێكی بەرینی دارستانی ناوچە سنورییەكان كرد كە گۆڕانكارییەكی نەرێنی لەسەر سروشتی ناوچەكە بەجێدەهێڵێت.