سەردێر

پسپۆڕێكی ئابووری: ناجێگیری سیاسی دۆخی ئابووری ناجێگیرتر دەكات

خەڵك
پسپۆڕێكی ئابووری دەڵێت، ئەو دۆخەی ئێستا هەیە وادەكات دۆخی ئابووری ناجێگیرتر بكات و دەبێت بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

كاروان حەمە ساڵح، پسپۆڕی ئابووری بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بارگرژییەی دروست بووە یەكەمجار نییە ، بەڵام لە ئێستادا لەبەر ئەوەی دۆخەكە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە چاوەڕوانی هەندێك گۆڕانكاری دەكرێت، خەڵك دڵنیا نییە ئایا سەركردایەتیی كورد بەرچاوڕوونە لەوەی ئەو گۆڕانكارییە بە قازانجی كوردە یان نا، بۆیە دەبێت هەرێمی كوردستان ئەو هاو كێشانە بە وردی و باشتر بخوێنێتەوە و مامەڵەیەكی باش بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەكرێت لە شەڕێكدا براوەبیت، بەڵام لە ڕووی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە بدۆڕێیت، لە شەڕی كورد و كورد دا هیچ كامیان براوە نین و لە مێژووشدا ئەوە سەلماوە و ئەزمونێكی تاڵمان هەیە لەگەڵیداو دۆخێكی ناجێگیر دروست دەكات لەڕووی دەروونی و نەتەوەیی و سیاسییەوە.

وتیشی، ئەو ناجێگیرییە سیاسییە كاریگەری دەبێت لەسەر ناجێگیرتر كردنی دۆخی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا كە خەڵك بەرچاو ڕوون نییە لەوەی دۆخەكە بەكوێ‌ دەگات .

باسیلەوەشكرد، هەندێك جار دۆخێك دێتە پێشەوە كە لەسەر بنەمای سیاسی و سەربازی سوودی دەبێت بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە گورزێكی زۆر گەورە دەدات لە داهاتووی ئەو وڵاتە یان بە پێچەوانەوە.