سەردێر

پڕۆژەى کۆکردنەوەى پارەی زبڵ لەهاوڵاتییان شکستدەهێنێت

لەسەدا ٧٠ی هاوڵاتییان پارەى خۆڵ و خاشاک نادەن

سلێمانی – نزار جەزا

لەسەدا ٧٠ی هاوڵاتییان پارەى کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بەکۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی پارەى خۆڵ و خاشاک نادەن، ئەمەش وایکردووە ئەو کۆمپانیایانە لەزەرەردابن، ئەگەریش هاوڵاتییان بەم شێوازەی ئێستا بەردەوامبن لەنەدانی پارەى خۆڵ و خاشاک کۆمپانیاکان مایەپوچدەبن.

 

بەپێی ڕێنماییەکان پێویستە هەر ماڵێک پێنج هەزار دینار لەبەرامبەر ئەو خۆڵ و خاشاکەی بۆی فڕێدەدرێت بداتە کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، کە بەنزیکەیی لەسەدا ٩٠ی ئەو پارەیە بۆ خەزێنەى گشتی حکومەتى هەرێمە و بەنزیکەیی لەسەدا ١٠ی بۆ خودی کۆمپانیاکەیە.

 

پڕۆسەی کۆکردنەوەی پارەى خۆڵ و خاشاک بەپێی زۆنە جیاوازەکانی سلێمانی نزیکی سێ مانگە دەستیپێکردووە، لەئێستاشدا بەهۆی بەردەوامی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لەبازاڕەکان و پاشکەوت و لێبڕینی موچەوە بەشێکی زۆر لەهاوڵاتییان پارەى خۆڵ و خاشاک نادەن.

لەسەدا ٧٠ی هاوڵاتییان پارەى خۆڵ و خاشاک نادەن

 

بەپێی بەدواداچوونەکانی (خەڵک)، لەسەدا ٧٠ی هاوڵاتییان پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک نادەن، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەکە بەسستی بەڕێوەبچێت و کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵوخاشاکیش نزیکدەکاتەوە لەداخستن.

 

یەکێک لەو هاوڵاتییانەى پارەى خۆڵ و خاشاکی نەداوە، بە(خەڵک)ی وت: حکومەتى هەرێم بەباشی موچەى پێ نادرێت، خزمەتگوزارییەکانی وەک پێویست نیین، ئاو و کارەبای وەک پێویست نییە، شەقامەکانی هەمووی پڕ چاڵە و ساڵانە پینەیان دەکاتەوە، ئەو پارەى کۆشی دەکاتەوە لەخزمەتی گشتیدا بەکارنایەتەوە، بۆیە ئامادەنیم پارەى خۆڵ و خاشاک بدەم، هەرکاتێک دڵنیابوومەوە ئەو پارەیە بۆ دروستکردنی کارگەیەکی گەورەی ڕیسایکلین بەکاردێت، ئەوکاتە بەزیادەوە پارە دەدەین.

کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاک لەئەگەری داخستندان

 

بۆکۆکردنەوەی پارەى خۆڵ و خاشاک سلێمانی دابەشکراوە بەسەر پێنج زۆندا، هەر زۆنێک دراوە بەکۆمپانیایەک، کە هەریەکێکیان بەڕێژەى جیاواز لەنێوان لەسەدا ١٠ بۆ لەسەدا ١٢ پشکیان لەداهاتی کۆکراوەدا هەیە.

 

پشتیوان عومەر لێپرسراوی زۆنێکی کۆمپانیای گەردیین بۆ کۆکردنەوەی پارەى خۆڵ و خاشاک بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆسەیە تازەیە، خەڵک پێی ڕانەهاتووە و لەکۆی گشتی دۆخەکە توڕەیە، بۆیە خەڵک پارە نادات.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، نەک هەر خەڵک پارە نادات، تەنانەت تاکو ئێستا دوو کەیسیان لەدادگایە، بەهۆی ئەوەی خەڵک هەبووە سوکایەتی و ئیهانەى بە کارمەندەکانیان کردووە، بۆیە کارمەندەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و وەک کۆمپانیاش پارێزەریان بۆ کەیسەکە دابینکردووە.

 

ڕوونیکردەوە، هەندێک هاوڵاتی وادەزانێت کۆی پارەکە بۆ کۆمپانیایە، بەڵام ئەو پارەیە تەنها نزیکی لەسەدا ١٠ی بۆ کۆمپانیایە، کۆمپانیاکانیش ئێستا لەزەرەردان، چونکە کارمەندێکی زۆریان هەیە و پێویستییەکی زۆریان بۆ پڕۆسەکە کڕیوە و خەڵکیش پارە نادات.

 

ئەوەشی باسکرد، شارەوانی سلێمانی لێپرسینەوەى لەو ماڵانە نییە، کە پارەى خۆڵ و خاشاک نادەن، بەڵام بەڵێندراوە، ئەگەر دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە، لێپرسینەوە بکەن و ڕێکاری دیکە بگرنەبەر، بۆئەوەی هاوڵاتی پارەى خۆڵ و خاشاک بدەن.

ئەگەر هاوڵاتییان پارە نەدەن، کۆمپانیاکان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر شارەوانی دەگرنەبەر

 

وتیشی: ئەگەر شارەوانی سلێمانی تەندەرەکەمان لێوەربگرێتەوە، ئەو خەرجییانەش کە کردوومانە نزیکی(٧٠ بۆ ٨٠ هەزار دۆلار)ە و با بەزەرەر بڕوات، چونکە ئیشەکەمان لەزەرەردایە و شارەوانی لێپرسینەوە ناکات و خەڵکیش پارە نادات و ناوی کۆمپانیاکەمان ناشرینکراوە و توشی دەمەقاڵێی زۆریش بووین لەگەڵ هاوڵاتییان.

 

دەشڵێت: ئێستا مانگانە نزیکی ٧٠ بۆ ٨٠ ملیۆن دینار کۆدەبێتەوە، لەو ڕێژەیەش حەوت بۆ هەشت ملیۆن دیناری بۆ کۆمپانیایە، لەوەش باج و چاودێری کۆمەڵایەتی و موچەى کارمەندەکان دەدەن، پێشتریش پێداویستییەکانی ئامێری ئەلیکترۆنی و ئۆتۆمبێل و کۆمپیتەر و داتابەیس و زۆر شتی دیکەیان کڕیوە.

 

ئاشکراشیکرد، بەپێی تەندەرەکە ٣٠ بۆ ٣٥ هەزار ماڵ، کە هەر ماڵێک پێنج هەزار دینارە، هەروەها چوار بۆ ٥ هەزار شوێنی بازرگانی کە کەمترین پارەی ٢٥ هەزار دینارە، لەسنووری کارکردنی کۆمپانیاکەیاندایە، کە بەکۆی گشتی ئەگەر مانگانە پارە بدەن، ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ملیۆن دینار داهاتیان دەبێت، بەڵام ئێستا  داهاتیان ٧٠ بۆ ٨٠ ملیۆن دینارە، ئەمەش بڕێکی زۆرە کەمە.

 

وتیشی: ئێمە کۆمپانیاین ئەگەر هەر لەزەرەردابین، بێگومان ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر، چونکە ناکرێت بۆ زەرەر کاربکەین.

حکومەتی هەرێم ئیشی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا دۆزیوەتەوە

 

لەوڵاتانی پێشکەوتوو خۆل و خاشاک پارەدەکات، بەجۆرێک هاوڵاتییان خۆڵ و خاشاکی خۆیان ئەوانەی دەتوانرێت بەکاربهێندرێنەوە، جیادەکەنەوە و دووبارە لەکارگەی ڕێسایکلین بەرهەمی دیکەی لێ دروستدەکرێتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە لەهەرێمی کوردستان حکومەتى هەرێم ژمارەیەک کۆمپانیای هیناون بۆئەوەی خۆڵ و خاشاک بەهەڕەمەکی کۆبکەنەوە، ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەشی هێناوە، بۆئەوەی کرێی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکەکە لەهاوڵاتییان کۆبکەنەوە، واتە حکومەتی هەرێم ئیشێکی زۆر باشی بۆ کۆمپانیاکان دۆزیوەتەوە.

 

زبڵی کۆکراوەی هەرێم بەشێوەی نادروست کۆدەکرێتەوە  و لەناودەبرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوون و تێکدانی سروشت و ژینگەی کوردستان، بۆئەمەش داوا لەهاوڵاتییان دەکرێت پارەى کۆکردنەوەی زبڵ بدەن.

 

نزار کەمال بەڕیوەبەری بەشی خزمەتگوزارییەکان لەشارەوانی سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، هەندێک خەڵک پارە نادات و پێی ناخۆشە ئەو پارەیە بدات و بەزیادەی دەزانێت، هەندێک خەڵکی دیکە هەیە دەڵێت: “لەموچە پاشەکەوتکراوەکەم بیبڕن”، لەگەڵ ئەمەشدا خەڵکی دیکە هەیە داواکارە زوو زوو بچن پارەکەى لێ وەربگرن، بۆئەوەی لەسەری کۆنەبێتەوە.

شارەوانی سلێمانی: هەندێک خەڵک پێی ناخۆشە پارەی خۆڵ بدات

ئەوەشی باسکرد، ئەو پارەیەی کۆدەکرێتەوە دەچێتەوە خەزێنەی گشتی حکومەتى هەرێم، واتە شارەوانی بەکاریناهێنێت.

 

باسی لەئەوەشکرد، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەزەرەردان، بەجۆرێک لەم چەند ڕۆژەدا یەکێک لەکۆمپانیاکان سەردانی کردن و وتی: ئەگەر وابڕوات دایدەخەن، چونکە موچەى کارمەندەکانیان پێ نادرێت و دەبێت کۆمپانیا دابخەن.

 

هاوڵاتییان بوونەتە کارکەرێکی زۆر باشی حکومەت، مانگانە و ساڵانە بەجۆرەها شێوە پارە لەهاوڵاتییان کۆدەکەنەوە، لەکاتێکدا حکومەت خۆی توانای دابەشکردنی موچەى بەڕێکوپێکی نییە، بەڵام داوا لەهاوڵاتییان دەکات بەڕێکوپێکی باج و زەریبەکان بدەن.