سەردێر

نەخۆشییەكی دیكە لەناو هاووڵاتیان و بەتایبەتی منداڵان بڵاودەبێتەوە

خەڵك-
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و خواردنی سەردانەپۆشراو و چەند هۆكارێكی دیكەوە نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە لەناو هاووڵاتیان و بەتایبەتیش منداڵان بڵاوبۆتەوە و پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵانیش ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردنی و دەشڵێت: “بەشێكیشی نیشانەی كۆرۆنای لەگەڵدایە”.

سكچوون و ڕشانەوە لەناو خوێندكاران و منداڵان بڵاوبۆتەوە
لە ماوەی ڕابردوودا (خەڵك) لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە بەهۆی نەبوونی فێنك كەرەوە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماوە ژمارەیەك لە خوێندكاران تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوون و خوێندكارانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە داوا لە بەرپرسانی پەروەردە و تەندروستی دەكەن، “تا زیاتر گەرمای نەكردووە و كەمبوونەوەی كارەباشی نەهاتۆتەپاڵ چارەیەك بۆ دۆخەكە بدۆزنەوە”

بەپێی بۆچوونی پزیشكان، خۆراك و لەفەی دانەپۆشراوی سەر عەرەبانەكان و ئاوی تانكی خوێندنگەكان و توالێتی خوێندنگەكانیش ئەگەر پاك ڕانەگیرێن هۆكارێكە بۆ ئەو نەخۆشییە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمالی منداڵان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) وتی، “پڕۆسەی خوێندن لەمساڵدا زیانی زۆری پێ گەیشتووە، بەڵام بۆ قسەكردن لەسەر وەستانی خوێندن بەهۆی نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە یان كۆرۆنا هێشتا زووە، بەڵام دەبێت ئامێری فێنك كەرەوە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت تا منداڵان لە گەرما و وشكبوونەوە بپارێزرێن.

وتیشی، “پێویستە لەفە و خۆراكی سەردانەپۆشراو لە خوێندنگەكان قەدەغە بكرێت و سەرچاوەكانی ئاو لە خوێندنگەكان پاك ڕابگیرێن”.

لای خۆشیەوە، د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەنردسوتی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تا ئێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەكمان بۆ نەهاتووە لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە لەناو خوێندكاران، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێت فێنككەرەوە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت، چونكە ناكرێت داوا بكەین خوێندكار دەمامك ببەستێت و پابەندی ڕێكارەكان بن و لەولاوە فێنككەرەوە نەبێت.

هۆكاری سكچوون و ڕشانەوە چییە ؟
د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمالی منداڵان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما سكچوون و ڕشانەوە زیاد دەكات و شتێكی ئاساییە و تازە نییە بۆیە شتێكی جیاواز نییە لە ساڵانی ڕابردوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەهۆی كەرەنتینەوە هەموو نەخۆشییەكان لە منداڵاندا كەمتر بوون.

سەبارەت بە هۆكارەكانی نەخۆشییەكە ئەو پزیشكە پسپۆڕەی منداڵان وتی، “هۆكارەكان زۆرن وەك، ڤایرۆس و بەكتریا و پاراسایت یان هەستیاری بە جۆرێكی خواردن، هەروەها دەكرێت بەهۆی پیسبوونی سەرچاوەی ئاوەوە بێت یان هەڵگرتنی خواردن لە گەرمادا”.

بۆ ڕێگاكانی خۆپارێزی د. پشدەر وتی، “ئەوە گرنگە ئەوەیە دایكان و باوكان چۆن ڕێگری بكەن لە زیادبوونی ئەو نەخۆشییە لەناو منداڵان و لەناو گەورەكانیش، چونكە گەورەكانیش تووشبوو هەیە”.

ڕێكارەكانی ڕێگری لە سكچوون و ڕشانەوە
وەك د. پشدەر عەبدوڵڵا دەڵێت، گرنگترین ڕێكارەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوە بریتیە لە:
1- كوڵاندنی ئاو و ساركردنەوەی ئەوجا بخورێتەوە.
2- بەهیچ شێوەیەك خواردن لەشوێنی گەرم هەڵنەگیرێت.
3- لە دوای تەوالێك زوو دەست بشۆردرێت و هەروەها لە پێش نان خواردنیش دەست پشۆردرێت.
4- قاپ و كەوچك و پەرداخی كەسی نەخۆش جیابكرێتەوە و خاولی یەكتری بەكارنەهێنرێت.
5- پاك ڕاگرتن و تەعقیم كردنی بەردەوامی تەوالێت و حەمام و ڕێكارێكی گرنگە.
6- كوڵاندنی باشی گۆشت و پاك ڕاگرتنی سەوزە و میوەكان.

“بەشێكی سكچوون و ڕشانەوە كۆرۆنایە”
د. پشدەر بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، شتێكی زۆر گرنگ ئەوەیە، كە دەكرێت بەشێكی ئەم نەخۆشی سكچوون و ڕشانەوەیە دەكرێت هۆكارەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بێت، بۆیە خۆپارێزی لە كۆرۆنا زۆر گرنگە.

جەختیشی كردەوە، منداڵان بەدوور بگیرێن لە چوونە بەر خۆرك بۆ ماوەیەكی زۆر و بەتایبەتی لە گەرمای نیوەڕۆدا، بۆیە دەكرێت بەو ڕێكارانە بەر بە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە بگیرێت.

چارەسەر چییە؟
ئەو پزیشكە پسپۆڕەی منداڵان ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەر منداڵ تووشی نەخۆشییەكە بوو زۆر گرنگە ئەوە بزانین هەموو منداڵێك پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانە نییە، بەڵكو پێویستە لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن بە پێدانی شلەمەنی زۆری وەك شۆربای برنج و میوەكان بەتایبەتی مۆز و ئەو موغەزییەی، كە بە شێوەی تۆز لە دەرمانخانەكان هەیە بە تامی میوەكان و ئەگیرێتەوە و چارەسەرێكی باشە بۆ سكچوون و ڕشانەوە.

ئاشكراشی كرد، ئەگەر منداڵ تای هەبوو دەبێت تاكەی دابەزێنرێت، بەڵام ئەگەر تاكەی زۆر بەرزبوو یان ڕشانەوە و سكچوونی زۆربوو یان پیساییەكەی خوێنی لەگەڵدا بوو، كە تووشی وشكبوونەوەی بكات، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشكی پێ‌ بكرێت.، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی خوار یەك ساڵن.