سەردێر

میمی ناوی چووە مێژووی پاڵاوتنەكانی مۆندیال

خەڵك-
موهەنەد عەلی كازم ناسراو بە (میمی) یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق، ناوی چووە مێژووی پاڵاوتنەكانی ئاسیای سەركەوتن بۆ جامی جیهانی، ئەمەش پاش تۆماركردنی خێراترین گۆڵ لە یاریی دوێنێ‌ بەرانبەر بە هەڵبژاردەی كەمبۆدیا.

میمی دوای تێپەڕینی تەنیا 18 چركە، یەكەم گۆڵی بۆ شێرەكانی ڕافیدەین تۆماركرد و بەو گۆڵەش ژمارەكەی ئەحمەد ڕازی یاریزانی كۆچكردووی شكاند كە لە پاڵاوتنی مۆندیالی 1994 لە دوای 53 چركە خێراترین گۆڵی لە هەڵبژاردەی سعودیە كرد.

بەمشێوەیە میمی بووە خاوەنی خێراترین گۆڵی هەڵبژاردەی عیراق، بە هەمان شێوە لەسەر ئاستی پاڵاتنەكانی ئاسیاش ژمارەی گۆڵەكانی لەم پاڵاوتنەدا بۆ پێنج گۆڵ بەرزكردەوە.

عیراق لە دوای بەردنەوەی لە هەڵبژاردەی كەمبۆدیا بە ئەنجامی 4-1، چوارەم بردنەوەی لە پاڵاوتنەكاندا تۆماركرد و دوو بەرانبەریشی هەیە و یەكەمی گروپی سێیە بە 14 خاڵ و دوو خاڵ لەپێش هەڵبژاردەی ئێرانەوەیە، هەڵبژاردەی بەحرێن سێیەمە بە 12 خاڵ، هەڵبژاردەی كەمبۆدیاش پێنجەكە بە تەنیا یەك خاڵ، هەڵبژاردەی هۆنگ كۆنگیش بە كۆكردنەوەی 5 خاڵ لە 6 یاریدا، لە پلەی چوارەمدایە.