سەردێر

هەپەگە لەسەر كوژرانی پێشمەرگەیەك هاتەدەنگ

خەڵك-
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی دەركار، هیچ پەیوەندییەكی بە ئێمەوە نییە ‌و دەیشڵێت: “سوپای توركی داگیركەر، گوند ‌و ناوچە مەدەنییەكانی باشووری كوردستانیش، دەكاتە ئامانج”.

ناوەندی ڕاگەیاندن ‌و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سوپای توركی داگیركەر، لە هێرشە داگیركارییەكانی ‌و بۆردومانی باشووری كوردستاندا، تەنانەت زیان بە ڕەز و باخی هاووڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنێت ‌و ناوچە مەدەنییەكانیش، بۆردومان دەكات.

لە بارەی ڕووداوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی دەركار، كە پێشمەرگەیەكی تێدا كوژرا، دەڵێت: “ئەو ڕووداوە، هیچ پەیوەندییەكی بە هێزەكانی گەریلاوە نییە”.

ڕاشیگەیاندووە، لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە سوپای توركیا دەوروبەری (گوندی ئۆرێی و ناوچەكانی چیای زەندوورا و کێستێ و داراری لە هەرێمی مەتینا) و هەروەها ناوچەی (وەرغەلیان لە ئاڤاشین) و ناوچەکانی مام ڕەشۆ و مەرڤانۆسیان و ناوچەی (کورۆژێهرۆی زاپ) و (گوندی شكێفی ناوچەی میرۆکی سەر بە دهۆک)یان بۆردومان كردووە و بەهۆیەوە ئاگر لە ڕەز و باخی هاووڵاتیان كەوتۆتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، لە شارەدێی دەركار سەر بە شاری زاخۆ لە سنووری دەڤەری بادینان لە پارێزگای دهۆك پێشمەرگەیەك بە نیشان شكێن (قەناس)ی پەكەكە كوژراوە.

هاوكات وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر ٧:٣٠ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، لەناوچەی شەرانش لەناحیەی دەركاری قەزای زاخۆ، جارێكی تر لە درێژەی ئەو رووداوە نەخوازراوانەی چەند رۆژی رابردوو، پێشمەرگەیەك بەناوی(رەزوان محەمەد عەلی) گیانی لەدەستدا.