سەردێر

“سوتاندنی چوار هەزار دارەکەی هەولێر، مەرامێکی بازرگانی لەپشتە”

 

خەڵک

پارتی سەوزی کوردستان لەبەرامبەر سووتاندنی چوار هەزار داری ڕێگای کەسنەزان لەهەولێر سکاڵای یاسایی تۆماردەکات.

 

دانا نەجمەدین، وتەبێژی پارتی سەوزی کوردستان لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دیاردەی سووتاندن و تێکدان و لەنابردنی ژینگە و سروشتی کوردستان بەردەوامە، بەجۆرێک لەڕێگەی کەسنەزان لەهەولێر، بەدرێژایی شەقامەکە کە زیاتر لەهەزار دۆنمە سوتێنراوە.

 

ڕوونیکردەوە، ئەو زەوییەی سوتێنراوە داری بەتەمەنی تێدایە، کە بەچوار هەزار دار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە و لەماوەى چەند ساڵی ڕابردوودا چەندجارێک دووبارەبووەتەوە.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، لەساڵانی پێشوودا چیای گۆیژە و ڕێگای ڕاپەڕین سوتێنرا، هەروەها لەناحیەی سیروان لەهەڵەبجە و بانی مەقان لەنزیک چەمچەماڵ بەهەمانشێوە ئەم دیاردەیە دووبارە بووەتەوە.

 

ئەوەشی باسکرد، هەروەها لەپارێزگای دهۆک تورکیا خەریکی تێکدان و سوتاندنی سروشت و ژینگەی ناوچە سنوورییەکانە.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، لەهەموو پارێزگاکانی کوردستان ئەم دیاردانە دەبینن، کە هەریەکە و دەستێکی لەپشتە و بەئامانجێکی تایبەت دەکرێن، بۆیە داواکارە لەهەموو لایەنەکان لەئاست ئەم دەستدرێژییە بێدەنگنەبن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شوێنانەى دەستووتێنرێن شوێنی بازرگانین و بەدەستی دەزانن و بەمەبەست کراوە و مەرامێکی بازرگانی گەورە لەپشت ئەم دیاردانەوەن.

 

ئاشکراشیکرد، لایەنی دەسەڵات لەنێو حکومەتى هەرێم لەئاست ئەم دیاردەیە بێدەنگە، بۆیە وەک پارتەکەیان سکاڵای یاسایی بەرامبەر حاڵەتەکانی پێشتر تۆمارکردووە و ئێستاش بۆ ئەم حاڵەتەى ڕێگای کەسنەزان لەدادگا سکاڵای یاسایی تۆماردەکەن.