سەردێر

کۆچەر ئیبراهیم: بانکی خوێن فراوانتر دەکەین

خەڵک – نزار جەزا

بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی لەم چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ (خەڵک) باسی لەفراوانکردنی بانکی خوێن کرد و ڕایگەیاند، بەڵێنیان پێدراوە بینای بانکی خوێن فراوانتر بکەن، هەرچەندە ئێستا بووەتە دوو هێندەى جاران، بەڵام لەئاست فراوانبوونی شاری سلێمانیدا نییە. هاوکات داوای لەهاوڵاتییان کرد لەخوێنبەخشین وەک ئێستا بەردەوامبن.

کۆچەر ئیبراهیم بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی ڕایگەیاند، لەسەرەتای دامەزراندنی بانکی خوێنەوە تاکو ئێستا کاری زۆر باشی تێدا کراوە، ئێستاش داخوازییەکان زیادیان کردووە، بۆیە لەماوەى ئەمساڵدا بیناکەیان فراوانتر کردووە و لەڕووی ئیدارییەوە بەرەوپێشیان بردووە و بەشی ئایتییان بۆ زیادکردووە.

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەو کەسانەى نەخۆشی ئاسایین یان نەشتەرگەرییەکی ئاسایی و بەپەلەیان نییە، پێویستە کەسوکاریان بێن خوێن ببەخشن پاشان خوێنیان پێدەدەن، بۆئەوەی تووشی کەمی خوێن نەبن، چونکە ڕۆژانە نەخۆشخانەى هیوا و نەخۆشانی سالاسیمیا و حاڵەتی بەپەلەیان هەیە یان کەسانێک هەن کەسوکاریان وەک پێویست نییە یان لەسلێمانی دانانیشن، بۆیە داواکارە لەو هاوڵاتییانەى پێویستیان بەخوێنی زۆرە و کەسوکاریان لێرە هەیە، با داوا لەکەسوکاریان بکەن، کە خوێنیان پێ ببەخشن، ئەمەش بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتییانی دیکەیە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، بانکی خوێن پشت بەخوێنبەخشەکان دەبەستێت، خوێنیش وەک شتێکی دیکە نییە بیکڕیت، دەبێت چاوەڕێی کەسیکی خۆبەخشبکەن، بۆئەوەی خوێنیان بۆ بهێنێت، بۆیە هیوادارە ئەو هاوڵاتییانەى داوایان لێدەکەن، کە کەسوکاریان خوێنیان بۆ بهێنن، ئاسایی وەریبگرن، چونکە ئەمە بۆ خزمەتی هەموو ئەو کەسانەیە کە حاڵەتێکی بەپەلە و لەناکاویان هەیە یان بەردەوام پێویستیان بەخوێنە.

ئەوەشی باسکرد، تاکو ئێستا هیچ کەسێک نەبووە، بەهۆی نەبوونی خوێنەوە کێشەیەکی بۆ دروستبووبێت یان گیانی لەدەستدابێت.

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەشدا، هەندێک جۆری خوێن وەک سالبەکان کەمن و داواکاریشی کەمە، بۆیە ئەمە نەبۆتە گرفتێک بۆیان، ئەگەریش کەسێک داوابکات و نەبووبێت، بانگەوازیان بۆکردووە، ئەوەش وایکردووە خۆبەخشان لەماوەیەکی کەمدا بەدەم بانگەوازەکەوە بێن و خوێن ببەخشن.

ڕوونیشیکردەوە، بەدەمەوەهاتنی هاوڵاتییان بۆ بانکی خوێن زۆر باشە، چونکە ئەگەر ئەو هاوڵاتییە خۆبەخشانە نەبن، تووشی کەمی خوێن دەبن.

کۆچەر ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو، ڕۆژانە ١٤٠ تاکو ٢٢٠ خوێنبەخش سەردان دەکەن و خوێن دەبەخشن، ئەمانەش پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر لەئەنجامی پشکنینەکە دەرنەچن خوێنەکەیان تەلەف دەکرێت و ئەگەر نەخۆشییەکی تێدا هەبێت، نەخۆشەکە ئاگاداردەکەنەوە، بۆئەوەی چاودێری تەندروستی خۆی بکات.

ئەوەشی باسکرد، لەگەڵ ئەوەی شوێنەکەیان دوو هێندەى پێشتر فراوان کردووە، بەڵام ئەمە لەئاستی فراوانبوونی شاری سلێمانیدا نییە، بۆیە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەڵێنیداوە شوێنی فراوانتر بۆ بانکی خوێن دابینبکات.

ناوبراو داواشی لەهاوڵاتییان کرد، بەسوپاسەوە لەسەر ئەم شێوازەى ئێستا بەردەوامبن لە بەخشینی خوێن، چونکە ئەوەی دەیکەن بۆ خزمەتی هەمووانە.

بۆبینینی دەقی چاوپێكەوتنەكە كلیك لێرە بكە :