سەردێر

وەزیری ناوخۆ: با یەكێتیش یەكەی 70 بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

خەڵك-

 

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت،مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەی 80ی خستە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە “هیوادارن برایانیان لە یەكێتیش یەكەی 70 بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە”.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان ڕایگەیاند، “رێنمایی لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچوە بۆ رێكخستنی یەكەی پاسەوانی و دەستبەكاربونی تیمی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئێستا كاتی ئەوەی كاربكرێت و بڕیارەكان جێبەجێ بكرێت، ئەمڕۆ داوام لە پەرلەمان كرد و داواش لە حزب و لایەنە سیاسیەكان دەكەم كە هاوكاری باشمان بكەن و لە نزیكەوە لەگەڵمان كاربكەن بۆ ئەوەی بابەتی پاسەوانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین”.

ڕێبەر ئەحمەد، داوای لە هەموو ئەو بەرپرسانە كرد كە”پاسەوانیان بۆ دیاریكراوە هەوڵبدەن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بڕگەو خاڵەكانی پەیڕەو و ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی كە لە بەرئەنجامەكەی هەموان قازانج دەكەن و هەم یەكسانی و هەم دادپەروەری، هەم دەتوانرێت داهاتێكی زیاتر بگەرێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت”.

وەزیری ناوخۆی هەرێم لەبارەی هەڵگرتنی چەك وتی”بۆ پەرلەمانتارانمان رونكردنەوە كە لیژنەیەكمان دروستكردوە بۆ هەمواری یاسای چەك ژمارە 16ی ساڵی 1993 و چەندین ساڵ پێش ئێستا ئەم یاسایە دەرچوە، بۆ ئەوەی ئەم یاسایە بگونجێت لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەم و ئەو كێشانەی روبەڕوی وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەكانی ئەمنی دەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو چەكانەی لە هەرێم هەن شێوەیەكی فەرمیان پێبدرێت”.