سەردێر

كەرتی پەروەردەی هەرێم لە لێواری داڕوخاندایە

خەڵك-

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئێستا باجی ڕاگرتنی ناوەندەكانی خوێندن دەدەین .
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەداخەوە ئێستا وانەكان لە ناوەندەكانی خوێندن لەسەر مامۆستایان و قوتابیان كەڵەكەی كردووە و هۆكارەكەشی بۆ لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و وەزارەتی پەرورەدە دەگەڕێتەوە.
وتیشی”ئەوەی ئێمە پێشتر تێبینیمان دەكرد، دەركەوت كۆرۆنا بەو شێوەیە مەترسی نیە بۆ سەر ناوەندەكانی خوێندن و پڕۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی یٔاسایی دەڕوات و وانەكان و تاقیكردنەوەكان لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەدەچێت”.
ئاشكراشیكرد، ئەوەی جێگەی سەرنجە وەزارەت و لیژنەكانی تایبەت بە پرسی كۆرۆنا وایانكرد پڕۆسەی خوێندن دوا بكەوێت، ئەویش بەهۆی گەورەكردنی مەترسییەكی زۆر لەسەر كۆرۆنا و ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن، بەو هۆیەوە ئێستا وانەی زۆر لەسەر مامۆستایان و قوتابیان كەڵەكە بووەو ئەوەش جێگەی نیگەرانی ئێمەیە.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دوو ساڵی ڕابردوو و هاوكات گرفتی نەبوون و كەمی مووچەی فەرمانبەران نزیكەی 7 ساڵە كەرتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر ناڕێك و ئاڵۆز بەڕێوەچووە، بەشێوەیەك پسپۆڕانی پەروەردەیی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لە 10 ساڵی داهاتوودا كاریگەری نەرێنی ئەم چەند ساڵە دەچنینەوە و هاوكات ئاشكراشیدەكەن، خوێندكاران لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا كەمترین وانە فێربوون و هۆكارەكەشی بۆ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە دەگێڕنەوە.