سەردێر

خەڵك؛ هۆكاری گران بوونی نرخی مریشك ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەردەوام نرخی خۆراك و كەلوپەل و پێداویستییەكانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە هەرێم ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و لە ئێستاشدا نرخی كیلۆیەك مریشك لەنێوان 3 بۆ 4 هەزار دینار بەرز و نزم دەكات و مریشك فرۆشێكیش دەڵێت: “هۆكاری سەرەكی گرانی نرخی دۆلارە”.

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا نەهێڵێت مریشك لە شارەكانی عێراقەوە هاوردە بكرێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەوە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام خاوەنی دوكانێكی فرۆشتنی مریشك دەڵێت: “ئەوە كاریگەری لەسەر نرخ نابێت، بەڵكو دۆلار بۆتە هۆی گران بوونی نرخی مریشك، چونكە عەلەف و پێویستییەكانی بەخێوكردنی گران بووە”.

لە عێراق ئەنفلۆنزای باڵندە سەریهەڵدا
ڕیاز محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری بەسرە ڕایگەیاند، كە بەھۆی جۆرێك لە ئەنفلۆنزا، كە ھێشتا جۆرەكەی دەستنیشان نەكراوە، تەنها لە یەك كێڵگەدا ٤٥ ھەزار مریشك لەنێوبراون.

هەرێم ڕێكاری بەپەلە دەگرێتەبەر
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕاگەیاند، “دوای بڵاوبوونەوەی ھەر جۆرە ڤایرۆسێك لە پەلەوەر لە ھەر شوێنێك بێت، بەمەبەستی ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، پێویستە ھاوردەكردنی پەلەوەر و بەرھەمەكانی قەدەغە بكرێت”.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا ئەو ڤایرۆسە لە چەند پارێزگایەكی عێراق لە مریشك و پەلەوەر دەركەوتووە، بۆیە ھاوردەكردنی مریشك و پەلەوەریان قەدەغە كرد تا ئەو كاتەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە ڕادەگەیەنێت.

هۆكاری گرانی نرخی مریشك چییە؟
خاوەنی دوكانێكی فرۆشتنی مریشك، كە چەند ساڵێكی زۆرە ئەوە پیشەیەتی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، هەرچەندە لەمڕۆوە هێنانی مریشك لە شارەكانی عێراقەوە قەدەغە كراوە بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندەوە لەو ناوچانە، بەڵام ئەوە كاریگەری لەسەر نرخی مریشك لە هەرێم نابێت.

وتیشی، “هەرێمی كوردستان هێندە كێڵگەی پەلەوەری و بەرهەمی گۆشتی مریشكی هەیە پێویستی بە عێراق نییە، تەنانەت هەرێمی كوردستان بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكەی پێویستی بە بازاڕەكانی عێراق هەیە”.

ئاشكراشی كرد، هۆكاری گرانی نرخی مریشك دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، كە بۆتە هۆی گران بوونی نرخی عەلەف و پێداویستییەكانی دیكەی بەخێوكردنی مریشك و گران بوونی پارەی كارەبا و چەند هۆكارێكی دیكە.

جەختیشی كردەوە، جارێكی دیكە بەم زووانە نرخی مریشك وەكو جاران هەرزان نابێتەوە، كە جاری وا هەبوو كیلۆیەك دەبوو بە 1500 دینار، بەڵكو لە 3 هەزار بۆ 4 هەزار دینار بەپێی زۆری بەرهەم و خواستی بازاڕ بەرز و نزم دەكات.