سەردێر

چەندە پارە دەدرێت بە كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان؟

خەڵك-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، كە بەم زووانە بڕیار لەو بڕە پارەیە دەدەن، كە دەدرێت بەو كارمەندانەی، كە بۆ سەر سندوقی دەنگدان دادەمەزرێنرێن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، كۆمسیۆن بەردەوامە لە وەرگرتنی داواكاری فەرمانبەرانی دەنگدان لەڕێگەی لینكی (http://37.98.225.237:9999/)ی تایبەت بە پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ سەر سندوقی دەنگدان و پڕكردنەوەی فۆڕمەكەش تاوەكو 1-8-2021 بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە هەوڵی دیاری كردنی بڕێك پاداشتی داراییدایە، كە بدرێت بە سەرجەم كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان، جا فەرمانبەری حكومی بن یان خوێندكاران یان دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان.

جەختیشی كردۆتەوە، هەر فەرمانبەرێكی حكومەت نووسراوێكی (سوپاس و پێزانین)ی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێ‌ دەدرێت دوای ئەوەی كۆمسیۆن دڵنیا دەبێت لە كۆتایی هاتنی كارەكانی هەڵبژاردن بە باشی.

بەپێی بڕیاری حكومەتی عێراق، لە 10-10-2021 هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەڕلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، كە لێیەوە حكومەتی نوێ‌ هەڵدەبژێردرێت.