سەردێر

“ئەمریكا و ڕوسیا حوكمڕانی هەموو سوریا دەكەن”

خەڵك-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕایدەگەیەنێت، ئەمریكا دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی كوردستانی سووریادا گرتووە.
حسێن مەستۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا بە كوردپرێسی ڕاگەیاند، ئاگامان لە گرێبەستی نەوتی نێوان كۆمپانیای نەوتیی ئەمریكیی كرسێنت و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری كوردستانی سووریا نییە.
وتیشی”ئەمریكا لە هەر شوێنێك بەرژەوەندییەكانی دەستەبەر بێت لەو شوێنە ئامادە دەبێت و ئەمڕۆ كێڵگە نەوتییەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەپارێزێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ نرخی كاڵا و شتومەك لە ڕۆژئاوای كوردستان زۆر گرانە و نرخی نەوت و گاز و ئاو و كارەباش زۆر بەرز بووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات كە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر شتێكی بەدەستەوە نییە و ئەمریكا دەستی بەسەر كاروباری نەوتی كوردستانی سووریادا گرتووە.

ڕوونیشیكردەوە، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حكومەتی ناوەندی سووریا هیچ دەسەڵات و بڕیارێكیان بەدەستەوە نییە و ئەمریكا و ڕووسیا كە بەدوای سەرچاوەكانی ئەم وڵاتەدان خەریكی حوكمڕانین لەم ناوچەیەدا.