سەردێر

حیزبە ئیسلامییەكانی هەرێم لە دژی پەكەكە دەچنە پاڵ پارتی و توركیا

عەبدوڵڵای مەلا نووری: هەر هاوسۆزییەك بۆ داگیركەران خیانەتە

خەڵك-

تا دێت شەڕی سارد و گەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان و توركیا لەگەڵ پەكەكە توندتردەبێتەوە، زۆرێك لە حیزب و لایەنەكانی هەرێمی كوردستانیش بێدەنگی یان بێلایەنییان هەڵبژاردووە، بەڵام سەرەتای لایەنداری حیزبە ئیسلامییەكان لەم ململانێیەدا دەركەوت.

شەوی رابردوو كەناڵی ئاسمانی سپێدە زمانحاڵی فەڕمی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە رێگەی چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسێكەوە بەرگریی لە توركیا كرد، لە چاوپێكەوتنەكەداس نكۆڵی لە بڕینەوەی دارەكانی دەڤەری بادینان دەكرا، باس لە پێویستی بوونی پێوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان دەكرا.

لەبارەى ئەو پرسەوە (خەڵک) پەیوەندی بە عوسمان کاروانی بەرپرسی مەڵەبەندی سلێمانیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

پێشتر ئەم كەناڵە لە چەند راپۆرتێكدا سووربوونی خۆی نیشاندا لەسەر ئەوەی سوپای توركیا داری نەبڕیوەتەوە، بەڵكو كۆمپانیای كوردی باكوورن دارەكان دەربڕنەوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەحمەد وەرتێ نووسەری ئیسلامیی و كادێری بزووتنەوەی ئیسلامیی لە گوتاری خۆیدا لە سۆشیال مێدیا داوایكردووە پەكەكە لە سنوورەكانی هەرێم بكشێتەوە، هێزەكانی پێشمەرگە جێگەی بگرنەوە.

ناوبراو لەو گوتارەدا وەبیریشی هێناوەتەوە كە پێشترێش لە كاتی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان داوای رادەستكردنی ناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای بە لەشكری رۆژی سەر بە ئەنەكەسە كردووە.

لەشكری رۆژ لەلایەن سوپای توركیاوە مەشق و راهێنانی پێكراوە و سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سووریا ئەنەكەسەیە، ئەنەكەسە هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی توندڕۆی ئیسلامی سووریایە كە توركیا پشتیوانیان دەكات و ناوچەكانی عەفرین و سەرێكانێ و گرێسپییان داگیركردووە، دار زەیتوونەكانی عەفرینیان بڕیەوە و كوردی ئەو ناوچانەیان ئاوارە كرد.

لای خۆیەوە عەبدوڵڵا مەلا نووری كەسایەتی سیاسی لە گوتاری خۆیدا لە سۆشیال مێدیا لەبارەی گرژییەكانی دەڤەری بادینانەوە دەنووسێت، هەر جۆرە هاوسۆزییەك لەگەڵ داگیركەراندا خیانەتە بەرامبەر نیشتمان و دەبێ شەرمەزار بكرێت.
مەلا نووری دەشنوسێت، دەبێت ئەو نەریتە پەرەی پێبدرێت لە هەر شوێن و مینبەرێكەوە بوار هەبێت دەبێـت رووبەڕووی فاشییەت ببینەوە.