سەردێر

“شێرپەنجە بوونی نیە ئەگەر ورەت بەرزبێت”

چیرۆكی سەركەوتنی غەزال و هاوڕێكانی بەسەر شێرپەنجەدا

 

خەڵك – كوردستان جەلال

“شێرپەنجە بوونی نییە ئەگەر ورەت بەرزبێت”، ئەمە وتەی بەشێكە لەو ژنانەی كە لەسەنتەرێكی وەرزشی ڕاهێنان دەكەن و شێرپەنجەیان تێپەڕاندووە.

سەنتەری وەرزش دەرمانی كاژوان تایبەتە بەئەو خانمانەی تووشی شێرپەنجەبوون، ڕۆژانە نزیكی ٤٠ خانم ڕووی تێدەكەن.

ناسك ئیسماعیل، كە تەمەنی ٤9 ساڵە و دوو منداڵ و نەوەیەكی هەیە، یەكێكە لەو خانمانەی لەو سەنتەرە وەرزش دەكات، ئەو لەساڵی ٢٠٠٩ تووشی شێرپەنجەبووە، لەوساڵەوە بەردەوام وەرزشی كردووە، بۆیە توانیویەتی بەسەر نەخۆشییەكەیدا زاڵببێت و چاكببێتەوە.

ناسك وتی: سەرەتا كە وتیان تووشی شێرپەنجە بوویت، زۆر ناخۆشبوو، بەڵام بەهۆی ورەبەرزی و گەشبینیمەوە و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی پزیشك و وەرزشكردنەوە توانیم سەركەوتووبم و ئێستا باری تەندروستیم زۆر باشە.

گرێ شێرپەنجەییەكەی ئەو خانمە ١١ ملیم بوو، هەر سەرەتا لەقۆناغی یەكەمدا هەستی پێكردبوو، بۆیە زوو نەشتەرگەری ئەنجامدا و دەستی بەجێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی كرد.

خانمەكە دەشڵێت: من ئێستا تەندروستیم زۆر باشە، ماوەی حەوت ساڵە ڕۆژانە دێمە ئەم سەنتەری وەرزشییە، هەست بە باشبوونی تەواوەتی دەكەم.

ناوبراو ڕێنمایی خانمان دەكات، كە پێویستە هەموو كەسێك شەش مانگ جارێك پشكنینی گشتی ئەنجام بدات، بۆئەوەی هەر كێشەیەكیان هەبوو زووتر چارەسەری بكەن، نەك پشتگوێی بخەن .

No description available.
شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە بڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام چارەسەری ئاسانە، ئەگەر زوو هەستی پێبكرێت و لای پزیشكی پسپۆڕ چارەسەری پێویست وەربگیرێت.

غەزال قادر تەمەن 50 ساڵ، خاوەنی 4 منداڵە و شێرپەنجەی مەمكی هەیە چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بەسەر شێرپەنجەدا باس دەكات و دەڵێت، لەساڵی 2016 هەستم كرد ئازارێكی زۆر لە شان و ملمدابوو ، بۆیە چەند جارێك تیشكم گرت هیچی تێدا دەر نەدەكەوت بەڵام ، خۆم هەستێكم هەبوو بۆ توشبوون بە شێرپەنجە ، دواتر سۆنەرم كردوو دەرچوو كە سێ گرێم هەیە لە مەمكی ڕاستمدا، بۆیە ڕووم كردە وڵاتی ئێران و مەمكمیان بڕییەوەو چوار گرێیان لێدەركرد، پێیان وتم تێكەڵاوی خوێنت نەبووە، بەڵام دواتر دەركەوت، كە ڕێژەكەم زۆرە و درەنگ پێم زانیوە، ژمارە سێیە و پێویستە نەشتەرگەری دیكە ئەنجام بدەم، بۆیە ڕۆشتم بۆ شاری هەولێر و دووبارە نەشتەرگەریم بۆ كرا و دەرمانی كیمیایم وەرگرت بە هەشت جار بۆیان دانام و هەموو قژم ڕۆشت برژانگەكانم هەڵوەرین پێستیشم بەهەمان شێوە و دەستم لە ژیان بەردا و دواتر نۆبەتی تیشكەكەم هات و 18 جار تیشكم وەر گرت و وردە وردە هەستم بە بوژانەوە كرد.

No description available.

غەزال لەبارەی پەیوەندی بە سەنتەرەكەوە دەڵێت، ” لە نەخۆشخانەی هیوا باسی سەنتەری وەرزشیان بۆ كردم ، منیش دەموت بڵێی بتوانم قۆڵم بجوڵێنم ، چونكە بەردەوام منداڵەكانم دەهاتنە ژێر قۆڵم و خۆم نەمدەتوانی بیجوڵێنم ، كاتێك چووم بۆ سەنتەرەكە ئەو خانمانەم بینی زۆر بە ئاسایی قۆڵیان دەجوڵاند و وەرزشیان دەكرد دەموت تۆ بڵێی منیش بتوانم بگەمە ئەو ئاستە ، بۆیە وردە وردە هەوڵمداو ئێستا هەست دەكەم كە چەند بەهێزم و چەند جیاوازم لە غەزالەكەی پێشوو و هەست بە ژیان دەكەم و شێرپەنجەم تێپەڕاندووە و بەماوەی تەنها پێنج شەش مانگێك لە وەرزش كردن و تا ئێستا بەردەوامم كە ماوەی چوار ساڵە.

No description available.

“شێرپەنجە بوونی نییە ئەگەر ورەت بەرزبێت بێت”

غەزال لەڕێنماییی كردنی ئەو كەسانەی لە سەرەتای شێرپەنجەدان دەڵێت” شێرپەنجە بوونی نییە ئەگەر ورەت بەهێز بێت كاتێك بوونی هەیە ورەت بڕوخێتو دەبێت بە بڕوابەخۆبوونەوە سەیری ژیان بكەن و گوێ لە وتەی ڕوخێنەری كەسانی دیكە نەگرن ، چونكە كەسانێك هەن ئاستی وشیاریان زۆر نزمەو نابێ گوێیان لێبگیردرێت ، بەنموونە من خۆم گوێم لێبووە خەڵك وتوێتی فڵان كەس دەردە پیسەكەیەتی یان نەخۆشییە خراپەكەیەتی ، كە بەڕاستی ئەمە شتێكی زۆر ناشرینەو هیوادارم ئەو جۆرە بیركردنەوانە نەمێنێت لە كۆمەڵگە كەماندا.

فەڕەح موراد سەلیمی تەمەن 64 ساڵ، ڕاهێنەری وەرزش دەرمانیە لە سەنتەرەكەو خاوەنی 41 بڕوانامەیە لە بواری وەرزش و پزیشكی دەروونی و وەرزشی و دەڵێت” بیست و دوو ساڵ لە وڵاتی ئێران ڕاهێنەری وەرزشی بووم و لەساڵی 2009 ەوە لە سلێمانیم و خاوەنی بیرۆكەی سەنتەری وەرزشی نەخۆشخانەی هیوام”.

“جگە لە جەستەیان ڕۆحیشیان تیمار دەكەین”

ئەو نەخۆشانەی ڕوو لە سەنتەرە وەرزشیەكە دەكەن سەرەتا تێكەڵی كەس نابن ، بەڵام بەتێپەڕینی كات وەك خێزانێكیان لێدێت و دەست بە تێكەڵی دەكەن و واهەست ناكەن توشبووی شێرپەنجەن و وابیر دەكەنەوە لە كەسانی دیكە زۆر بەهێزترن.

بە وتەی ئەم خانمە ڕاهێنەرە ژنەكانی ئەو سەنتەرە جگە لەوەی جەستەیان بریندارە ، ڕۆحیشیان بەهەمان شێوە، ” ئێمە بەڕاهێنانە جەستەییەكان ڕۆحیان تیمار دەكەین، من ئەوەندەی لەدەستم بێت دەیكەم بۆیان، جگە لە وەرزشەكە پێكەوە دەڕۆین بۆ گەشت و بینینی سروشت و شاخەوانی لە پێناوی ئەوەی باوەڕبەخۆبوونی دەروونیان بەهێز ببێت ، چونكە كاتێك دەرونیان شادە جەستەشیان شادە و لە ئێستادا چەند خاتونێك هەن، كە توشبووی شێرپەنجەن هیچ دەرمانێكی كیمیایی وەرناگرن و زۆریش تەندروستن بەهۆی وەرزشەوە”.

No description available.

شەهلا عەلی لێپرسراوی سەنتەرەكەو گرووپی (بەرەنگار بوونەوەی شێرپەنجە بە شاخڕەوی و ژینگەپارێزی) ەو لەبارەی خزمەتگوزارییەكانی سەنتەرە وەرزشیەكەوە دەڵێت ” ئێمە سەرەتا بە هاوكاری داراییی نەخۆشخانەی هیوا سەنتەری وەرزشیمان كردەوە ، بەڵام دوای قەیرانی دارایی ئەو هاوكاریە نەما، بۆیە ئێمە بەهەوڵی خۆمان و مامۆستا فەڕەح توانیمان ئەو سەنتەرە بكەینەوە و خێرخوازانیش هاوكارمانن لێرە هەفتەی سێڕۆژ وەرزشی ئایرۆبیكمان هەیەو سێڕۆژی دیكە شاخ ڕەویمان هەیە كە توشبووان زۆر سوودیان بینیوەوگۆڕانێكی زۆریان بەدەستهێناوە و چەند كەسێكیان بە بەرزترین لوتكە سەركەوتووە و چوار كەسیشمان چۆتە چیای توچاڵ لە ئێران كە بەرزاییەكەی 3 هەزارو 708 مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە كە كەم كەسی ئاسایی هەیە بتوانێت بگاتە ئەوێ “.

شەهلا دەشڵێت ” بۆ ئەو نەخۆشانەی كە ناتوانن بە شوێنی زۆر بەرزدا سەركەون هەفتانە دەیان بەین بۆ باخ و كەشێكی دەروونی وایان بۆ دروست دەكەین كە متمانە بەخۆبوونی زیاتریان پێ ببەخشێت و هەست بەگۆشەگیری و نائومێدی نەكەن و هەروەها یۆگا و مەساجیشیان بۆ ئەنجام دەدرێت لەلایەن مامۆستا فەڕەحەوە و سەرەتا 120 كەس سەردانی سەنتەرەكەیان دەكرد بەڵام ئێستا ماوەتەوە 40 كەس بەهۆی خراپی باری ئابوریەوە و ناتوانن بەشداربن.

No description available.