سەردێر

ڕۆژنامەیەكی عەرەبی باس لە هاوپەیمانی نێوان سەدر و بارزانی دەكات

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووە

خەڵك-
ڕۆژنامەیەكی عەرەبی باس لە بەستنی هاوپەیمانی لەنێوان ڕەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق كە وابڕیارە لە تشرینی یەكەمی داهاتوودا سازبكرێت، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ڕەوتی سەدر لەڕێی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتەكەوە، چەند جارێك ئامادەیی سەدرییەكانی بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو دووپاتكردۆتەوە و بە پشكی ڕەوتەكەشی ناوبردووە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری بڵاویكردەوە”لە دوای سەردانی شاندەكەی هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە سەركردایەتی دەكرێت بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی، باس لە ئەگەری لەدایكبوونی هاوپەیمانييەكی سیاسی دەكرێت لەنێوان هەردولا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هاوپەیمانییەكەی سەدردایە بۆ بردنەوەی سەرۆكایەتی حكومەت لە خولی داهاتووی پەرلەمان”.

ڕۆژنامە قەتەرییەكە نوسیویەتی”لە چەندان بۆنەدا ڕەوتی سەدر لە زاری موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتەكە و سەكردەكانی هاوپەیمانییەكەی دووپاتیانكردۆتەوە كە سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو پشكی ئەوانە و ئامادەن ئەو ئەركە بگرنە ئەستۆ”.
لەم هەفتەیەدا سەركردەكانی ڕیزی پێشەوەی هاوپەیمانییەكەی سەدر لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردەكانی تری حزبەكە كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكانيشدا دۆسێی هەڵبژاردنی داهاتوو و ژمارەیەك لە دۆسێ‌ سیاسییەكانی وڵاتیان تاوتوێ‌ كرد.

شاندەكەی ڕەوتی سەدر، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش كۆبووەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێكيش كە (العربی الجدید) ئاماژەی پێكردووە”سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی سەدرییەكان، دۆسێی هەڵبژدنی تاوتوێ‌ كردووە و جەختیشی لەسەر پێویستی زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی كردۆتەوە، بە هەمان شێوە چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی هاوسەنگی و بەشداریی ڕاستەقینە لە ئیدارە و بڕیاردا، تاوتوێكران”.

(العربی الجدید)، لە زاری سەركردەیەكی دەركەوتووی پارتییەوە بڵاویكردەوە”كۆبوونەوەی ئەم دواییە لەگەڵ سەدرییەكان، قۆناغێكی پێشكەوتووی لێكنزیكبوونەوەی نێوان هەردوولایە، بەو پێیەی دیدی هاوبەش هەیە بەرانبەر بە تەنگژەكانی ئێستای عیراق لەلایەك و دۆسێ‌ هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر”.لەلايەكى تر

هاوپەیمانی سەدر لای خۆیەوە هەوڵەكانی نەشاردەوە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی، لەو بارەیەوە عەللا ڕوبەیعی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندبوو”ئەگەری بەستنی هاوپەیمانییەكی هاوبەش هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای هەڵبژاردن، چاوپێكەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا، لێكنزیكبوونە و كاریی هاوبەشی بۆ قۆناغی داهاتوو لێكەوتەوە، خاڵی هاوبەش و سەرەكییان هەیە لەگەڵ پارتی بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی، و دەوڵەتی دامەزراوەیی و هاووڵاتیبوون كە لەسەر ماف و ئەركەمان بەندە”.