سەردێر

گران بوونی بەنزین ناڕەزایی لێكەوتەوە و بەرپرسانیش بێدەنگن

 

خەڵك-
گران بوونی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەكانی هەرێم و بەتایبەتی سنووری پارێزگای سلێمانی كاردانەوەی هاووڵاتیانی لێكەوتۆتەوە بە تایبەتی، كە بەرپرسانی حكومەت هیچ هەڵوێستێكیان نییە و ئەندامێكی ئەنجوومەنیش لە سلێمانی دەڵێت: “بازرگانەكان بەویستی خۆیان قازانج زیاد دەكەن بەبێ‌ هیچ چاودێرییەك”.

لە ماوەی ڕابردوودا بە چەند قۆناغێك نرخی بەنزین گران كراوە و ئەوەش ناڕەزایی هاووڵاتیانی لێ‌ كەوتۆتەوە ئاماژە بەوەدەكەن، “ڕۆژ بەڕۆژ بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتی زیاد دەكات و حكومەت سەرەڕای لێبڕینی 21% مووچەكەش لەوادەی خۆیدا نادات و نرخی دیناریش 25%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە ئەوەش وەكو ئەوەیە نیو مووچە بدرێت و نرخی هەموو شتێك گران كراوە و حكومەتیش باكی نییە و سنوورێك بۆ ئەو هەموو قۆرخكارییە دانانێت”.

هاووڵاتیان دەشڵێن: “لە عیراق لیترێك بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم داوای بودجە لە عیراق دەكات و خۆی بە بەشێك لەو عیراقە ئەزانێت، كەچی بۆ نرخی سووتەمەنی و دابەشكردنی مووچە خۆی لەو عیراقە بێ‌ بەری دەكات”.

بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری (خەڵك) لە سلێمانی، لە شەوی ڕابردووەوە نرخی هەر لیترێك بەنزین 50 دیناری خراوەتە سەر و نرخی لیترێك بەنزینی نۆرماڵ بەرزكراوەتەوە بۆ 700 دینار و موحەسەن بۆ 750 دینار و سوپەر بۆ 850 دینار.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

لای خۆشیەوە، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڕێگە خۆشكەرییەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەیكات بۆ زیاد كردنی نرخ و دانانی باج لەسەر سنوورەكان و وەرگرتنی پارەی نا پێویست لە بارهەڵگرەكان هۆكارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.

ئاشكراشی كرد، هۆكارێكی دیكە ئەوەیە، كە بەنزینی هەرێمی كوردستان هاوردەیە واتە بازرگانییە و لە ژێر دەستی بازرگانەكان و خاوەن وێستگەكانی سووتەمەنیدایە و بەویستی خۆیان قازانج زیاد دەكەن بەبێ‌ هیچ چاودێرییەك.