سەردێر

كازمی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات

خەڵك-
سەرۆك وەزیرانی عێراق نامەیەكی بۆ سەرۆك كۆمار و سەركردەكانی حەشدی شەعبی ناردووە و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی كردووە ئەگەر دەسەڵاتی ڕەهای پێ‌ نەدەن لە سەپاندنی یاسا و ڕێگری لە ئاژاوەگێڕی.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئێوارەی دوێنێ نووسراوێكی خستۆتە بەردەم ھەریەك لە بەرھەم صاڵح، سەرۆك كۆمار و سەركردەكانی حەشدی شەعبی .

بەپێی ناوەڕۆكی نامەكە، “كازمی داوای كردوە دەسەڵاتی ڕەھای پێبدەن لە سەپاندنی یاسا و ڕێگری لە ئاژاوەگێڕی و سزادانی گەندەڵكاران و دادگایكردنی ئەوانەی دەستیان لە كوشتنی ڕۆڵەكانی عێراقدا ھەیە، بەپێچەوانەوە دەستلەكار دەكێشێتەوە”.

هەر لەنامەكەدا كازمی هەڕەشەی ئەوەی كردووە، “لەبەردەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و گەلی عێراقدا شكستی حكومەتی عێراقی دەخاتە ئەستۆی حەشدی شەعبی و سەركردە شیعەكانی عێراق “.

سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی عێراقی وتویەتی، “هێزە سیاسییەكان لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەو كاتەوەی نمایشی سەربازی حەشد لە ناوچەی سەوز كرا، بۆیە حكومەت ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو نمایشە نادات”.

ڕاشیگەیاندووە، كازمی هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و سەركردەی هێزە شیعەكانی سەرپشك كردووە لەنێوان دەستلەكاركێشانەوە یان دەستكردنەوەی حكومەت بۆ لێپرسینەوە لە خراپەكاران و گەندەڵكاران و لەیاسادەرچووان.

لای خۆشیەوە، عەلی ڕوبەیعی، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی (موازین) وتویەتی، “دەستلەكاركێشانەوەی كازمی جددیەتی پێوە دیار نییە، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخەی كازمی تێیدا كراوە بە سەرۆك وەزیران و هەروەها ئەو دۆخە سیاسیەی لە وڵاتدا هەبووە پێش وەرگرتنی پۆستەكە”.

وتوشیەتی، “كازمی هیچ پلانێكی نەبووە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دروست كردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی”.

جەختیشی كردۆتەوە، “هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە شتێكی نوێ‌ نییە لە سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق، بۆ نمونە عادل عەبدولمەهدی بەردەوام ئەوەی دووپات دەكردەوە و دەیوت نامەی دەستلەكاركێشانەوە لە گیرفانمدایە، بەڵام كاتێك دەستی لەكاركێشایەوە پێشكەشی دامەزراوەیەكی ئایینی كرد نەك گەلەكەی”.