سەردێر

دەرمانى چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە گەیشت

خەڵك-
كۆمپانیای گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان لە وەزارەتی تەندروستی عیراق، گەیشتنی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە ڕادەگەیەنێت.

حەسەن بەلداوی، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند”ئەمڕۆ چوار شەممە 2ی حوزەیرانی 2021، دەرمانەكان بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە كە دەرمانی جۆراوجۆرن لەبەرهەمی كۆمپانیای Pfizer گەیشتنە عیراق”.

بە وتەی بەلداوی”ماددەی Hydrocortisone solu-cortef 100mg گەیشت كە بۆ چارەسەركردنی دابەزینی ئاستی كۆرتیزۆڵ بەكاردەهێنرێت و بە هەمان شێوە بۆ چارەسەری هەندێك لەو نەخۆشیانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەكانی بەرگری و هەوكردن بەكاردەهێنرێت، بەو پێیەی كاریگەریی لەسەر هەوكردن و بەدەمەوەهاتنی بەرگری لەشەوە هەیە”.

هەروەها ئاماژەی بە گەیشتنی ( Adriamycin (Doxorubicin كرد كە چارەسەرێكی كیمیاییە و بۆ چارەسەری شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی خوێن بەكاردەهێنرێت، لەگەڵ ماددەی Acid (cyklokapron ) Tranexamic كە بۆ چارەسەری ڕێگرتن لە خوێنبەربوون لە حاڵەتەكانی نەشتەرگەریی و خوێنبەربوونی دوای منداڵبوون و وێڕای گەیشتنی ماددەی (pharmorubicin (Epirubicin Hcl چارەسەری كیمیایی كە بۆ چارەسەركردنی شێرپەنجەی مەمك بەكاردەهێنرێت و ماددەی (Cytarabine ) كە چارەسەرێكی كیمیاییە و بۆ چارەسەری چەندان جۆری شێرپەنجەی خوێن بەكاردەهێنرێت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە:تەواوی ڕێكارە گومرگییەكانی تایبەت بە گرێبەستەكانی ئەو مەوادانە، لەلایەن بەشی دەرهێنانی گومرگییەوە ئەنجام دەدرێن، وەك زەمینەسازییەك بۆ وەرگرتنی لەو لایەنانەی گرێبەستییان لەگەڵدا كراوە”.