سەردێر

عیراق و هەرێم، 4170 كەس تووشی كۆرۆنا بوون

سلێمانی زۆرترین حاڵەتی مردنی بە پەتاكە تۆماركرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 4170 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 4343 كەسیش چاكبوونەتەوە، 30 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 40 هەزار و 980 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 4170 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون، ئەمەش بە ژمارەیەكی زۆری تووشبوونی ڕۆژانە بە پەتاكە لە وڵاتدا دادەنرێت.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە و سلێمانی و واست تۆماركراون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1283 و لە بەسرە 739 و لە سلێمانی 292 لە واست 247 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 4343 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و بەسرە و سلێمانی و هەولێر بوون، ویڕای گیان لەدەستدانی 30 كەس بەهۆی پەتاكەوە كە 5 حاڵەتیان لە سلێمانی تۆماركران.