سەردێر

ڕێواز فایەق: نابمە داپۆشەری ئەو ناشیرینیانەی لە هەرێمدا هەن

خەڵك-
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە ماوەی هەفتەیەكیان داوە بە حكومەت و پێیانباشە ئامادەی ئەو كۆبونەوەكە ببێت، تا پێمان بڵێن هۆكارەكانی دواكەوتن و لێبڕینی موچە چییە، و پێیوایە كە لەمە زیاتر ناتوانێت ببێتە داپۆشەری ئەو ناشیرینیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، چونكە بە وتەی ئەو”لە ئێستا و ڕابردووش بەشێك نەبووە لەو مێژووە ناشیرینە”.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، د. رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەمیانی لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی كۆبونەوەی پەرلەمان و حكومەت ی تایبەت بە مووچە ڕایگەیاند:”بڕیاربو سبەینێ چوارشەممە لەسەر دو بابەت كۆبونەوە بكەین، یەكەمیان تایبەت بە چارەنوسی خوێندن، حكومەت وەڵامی دابوەوە كە هەردو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەنێرێت، بەڵام پەرلەمانتاران داوای ئامادەبونی وەزیری دارایی و ئابوریان كرد بەهۆی ئەوەی لەو كۆبونەوەیە باسی دامەزراندنی وانەبێژان دەكەین، باسی هەندێك كێشە دەكەین كە پەیوەندی بە پەروەردە هەیە بە گشتی”.

بە وتەی ڕێواز فایەق:” بەهۆی ئەوەی كە وەزیری دارایی و ئابوری كە لە بەغدایە و لەگەڵ شاندی هەرێم چوەتە بەغدا، بۆیە ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە ئەو ئامانجە ناهێنێتە دی كە پەرلەمانتاران داوایان كردوە، لەبارەی موچەش خەڵك ئەو راستییە دەزانن كە ئەو بابەتە تازە نیە و لە ساڵی 2014ەوە هەیە و باسكردنی ئەو بابەتە بە ئامادەبونی حكومەت باشترە، بەڵام “ئێمە جارێك زیاتر داوای ئامادەبونی حكومەتمان كردوە، بەڵام وەڵامی ئیجابیمان وەرنەگرتوە، بۆیە 56 پەرلەمانتار داوایەكیان پێشكەشكردوە كە دانیشتن بكرێت بەبێ ئامادەبونی حكومەتیش لە بەرامبەردا 65 پەرلەمانتار یاداشتێكیان ئامادەكردوە و دەیانەوێت حكومەت ئامادەبێت بۆ ئەوەی باسی موچە بكرێت”.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “ماوەی هەفتەیەكمان داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێمانباشە ئامادەی ئەو كۆبونەوەیە ببن و پێمان بڵێن هۆكارەكانی دواكەوتن و لێبڕینی موچە چین و لەسەر ئەو بنەمایە قسەی خۆمان بكەین، لە نێوان 2ی حوزەیران و 10ی حوزەیراندا كە ئەو بابەتە لە ساڵی 2014ەوە هەیە هیچ رونادات”.

ڕێواز قایەق پێی باشە:” كۆبونەوەی پەرلەمان بەرهەمدار بێت و نەك تەنها بۆ نیشاندانی هەندێك بیروبۆچون بێت، هەموان پێمان ناخۆشە موچە بەو شێوەیەیە، من سەرۆكی پەرلەمان تاكەی ببم بە قوربانی ئەوەی كە لە وێنە گەورەكەدا وادیاربێت كە سەرۆكی پەرلەمانە نایەڵێت خەڵك قسە بكات، لەكاتێكدا من نە بەشێكم لە گرێبەستە نەوتییەكان نە بەشێكم لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و نە بەشێكم لەوەی كە نیوەی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكان دەچێت و هاوكات بەشێك نیم لە داگیركردنی زەوی و قاچاغچێتی، بەڵام هەست دەكەم سەرنجی راگەیاندنی خراپ كراوەتە سەر سەرۆكی پەرلەمان بۆ ئەوەی كە ئەوانی دیكە بشارێتەوە، منیش ئیعتیبارم هەیە و ئیتحیرامی خۆم دەگرم و لەوە زیاتر ناتوانم ببم بە داپۆشەری ئەو ناشیرینیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، چونكە لە ئێستا و رابردو بەشێك نیم لەو مێژووە ناشیرینە”.

لەبارەی دەستوری هەرێمی كوردستانیش، سەرۆكی پەرلەمان وتی:”زۆر درەنگ كەوتوین لەوەی كە هەرێمی كوردستان و قەوارەكە بكەینە خاوەنی دەستورێك، هۆكارەكان زۆرن، كە رەنگە زۆربەی هۆكارەكان بابەتین بن نەك زاتی، باوەڕی خۆم وایە دەبێت ئێمە دەستورێكمان هەبێت رێككەوتنمان لەسەر كردبێت و دەبێت دەستورێك بێت لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و ئازادیە گشتییەكان و مافەكانی خەڵكی كوردستان بێت، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەیەك رێكبخات كە بتوانین پێكەوە كاری هاوبەش بكەین و رێگە لە دەستتێوەردانی دامەزراوەكان لە دەسەڵاتەكانی یەكتر بگرێت”.