سەردێر

خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك، داوایەك ئاڕاستەی حكومەت دەكەن

خەڵك-ئارام سەردار

لەهەولێر خاوەن زەوییەكانی هەشتی حەسارۆك لەبەردەم فەرمانگەی خزمەتگوزاری ئەو گەڕەكە گردبوونەوە و داوا دەكەن ڕێپێدان بۆ ئەو زەویانە دابین بكرێت كە پێشتر دابەش دوو كراون.

مستەفا كەریم، خاوەن زەوی ڕایگەیاند، ئەو زەویانەی پێشتر ٢٥٠ مەتر بوون و دابەش دوو كراون هیچ كێشەیەكی یاساییان نیە و لەتاپۆ دابەش دوو كراون و ساڵانەش باج وەرگیراوە، كەچی ئێستا دەڵێن ڕێپێدان نیە بكرێتە خانوو، ئێمەش دەپرسین بۆچی پێشتر ڕێپێدان هەبوو دابەش دوو بكرێت، بەڵام ئێستا ناكرێت.

دەشڵێت”ئەو زەویانەی كراونەتە دابەش دوو، نزیكەی ٥٠٠٠ هەزار پارچە زەوی دەبێت، با حكومەت ڕێپێدان بكاتەوە، ئەوەی تائێستا دابەش دوو نەكراوە بۆی نەكرێت، چونكە جگە لەوەی ئێمە توانای ماددیمان هێندە بووە كە ١٢٥ مەتر زەوی بەقەرز بكڕین، ئێستا دەبێت یان ئێمە زەوی هاوبەشەكەمان بكڕینەوە یان بەپێچەوانەوە، كە هیچ لایەكمان ئەو پارەیەمان نیە”.

ئەوەشی خستەڕوو، داوا لەبەرپرسان دەكەین هاوكارمانبن، چونكە موژدە خۆشەكە بۆ خەڵكی هەژار نەبوو، خەڵكی هەژار ئەوانەن ١٢٥ مەتر زەویان هەیە و زیاتر لە ١٠ ساڵە چاوەڕێن بیكەنە خانوو.