سەردێر

توركمان، داوای مافی ڤیتۆ دەكات لە دەستووری هەرێم

خەڵك-

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پرسی دەستوور پرسێكی زۆر گرنگە كە لەسەرەتادا زۆر پێویستە ڕێككەوتنێكی نێوان لایەنە سیاسیەكان لە هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

ئایدن مەعروف ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی عێراق هەروەها وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لەناو دەستووردا گرنگە كە زامنی مافەكانی هەموو پێكهاتەكان بكرێت بەبێ جیاوازی لەناویشیاندا نەتەوەی توركمان و نەتەوەی كلدان و سریانی و ئاشووری كە دوو نەتەوەی گرنگن لە هەرێمی كوردستان، وە دەستەبەری مافی ئایینەكانی تریش بكرێت.

وتیشی”گرنگە وەكو نەتەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت و زمانی توركمانیش لەو دەستورەدا وەكو زمانی فەرمی بناسرێت، هەروەها بەشداریپێكردنێكی كارا لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمدا لەڕووی سیاسی و كلتوریی و پەروەردەییەوە لە ڕووی بەشداریپێكردنی لەپڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هەموو ئەمانە دەبێت ڕەچاو بكرێت و گرنگی بدرێت بە مافەكان و داواكارییەكانی هەموو پێكهاتەكان لەناویشیاندا پێكهاتەی توركمان”.

ئاشكراشیكرد، هیچ شتێك هێڵی سوور نییە، دەمانەوێت دەستوورێك هەبێت كە دەستوورێكی مۆدێرن بێت لەگەڵ ئێستای ڕەوشەكەدا بگونجێت و كە زامنی هەموو پێكهاتەكانی تێدا جێگیر بكرێت، هەروەها دامەزراندنی ئەنجوومەنی پێكهاتەكان زۆر گرنگ و پێویستە ئەنجوومەنێك هەبێت لەدەستووری هەرێمدا.

ڕوونیشیكردەوە، ئەو ئەنجومەنە لە زۆر شت ڕۆڵی دەبێت و لە زۆر مەسەلەكاندا مافی ڤیتۆی دەبێت كە جێگیر بێت لە دەستووری هەرێمدا كە دەبوایە لە عێراقیش جێگیر بكرایە ئەنجوومەنێك هەبێت، ئەنجومەنی پێكهاتەكان لە عێراق لە یەكێك لە سەرۆكایەتیەكان بۆنموونە لەسەرۆكایەتی كۆمار یان سەرۆكایەتی پەڕلەمان یان لە سەرۆكایەتی حكومەت كە ئەم ئەنجومەنە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات.

دەشڵێت”وەكو نەتەوەی توركمان لە داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت ڕاوێژ بە نەتەوەی توركمان و بە نوخبەی سیاسی و ئیداری و یاسایی ئەم نەتەوەیە بكرێت كە ڕۆڵیان هەبێت لە نووسینەوەی ئەم دەستوورەدا لەبەرئەوەی دەستوور زامنە بۆ چاودێری و موراعاتكردن و پاراستنی مافەكانی هەموو پێكهاتەكان لەناویشیاندا نەتەوەی توركمان لە هەرێمی كوردستان”.