سەردێر

هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم ڕێككەوتن

خەڵك-

ھە‌ردوو وە‌زارە‌تی دارایی فیدراڵی و ھە‌رێم ئامادە‌ییان دە‌ربڕی بۆ جێبە‌جێ كردنی یاسای بودجە‌ی فیدڕاڵی عێراق.

شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە‌ بەغدادە و گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەست پێكردووە، لەم چوارچێوەیەشدا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە 31/5/2021 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق كۆبۆوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی شاندی هەرێم لە بەغدا، لەكۆبوونەوەكەدا كە‌ خالید شوانی و عبدالحكیم خە‌سرە‌و ‌و سە‌میر ھە‌ورامی ئامادە‌ی بوون، گفتوگۆ كرا دەربارەی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو ئەركەی كەیاسای بودجە خستویەتییە سەرشانی هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان. ھە‌ردوولاش ئامادە‌یی خۆیان نیشاندا بۆ جێبە‌جێ كردنی یاساكە‌.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بڕیاریشە‌ كۆبوونە‌وەیە‌كی تر بكرێت سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی نە‌وت بۆ ئە‌وە‌ی راپۆرتێكی ھاوبە‌ش لە‌بارە‌ی ئە‌و دۆسیە‌یە‌ش ئاڕاستە‌ی وە‌زارە‌تی دارایی عێراق بكرێت.

ئێوارە‌ی دوێنی یە‌ك شە‌ممە‌ شاندی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌‌نجومە‌نی وە‌زیران گە‌یشتە‌ بە‌غدا، بە‌‌مە‌بە‌ستی گفتوگۆكردن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق بۆ دانانی میكانیزمی جێبە‌جێ كردنی یاسای بودجە‌ی ٢٠٢١.