سەردێر

ئەجێندای كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق

خەڵك-

ئەمڕۆ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە و پرسی لایەنی تەكنیكی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەكەن.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەو بارەوە ڕایگەیاند، لە سەرەتا‌وە نیازی حكومەتی هەرێم ئەرێنی بووە، گەشبینیشە لەوەی بتوانین بگەینە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە و دەمێنێتەوە سەر حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكات.

وتیشی “پرسی بودجە جددییە و ئەگەر تەكنیكیش بێت ئەوا سیاسییە، حكومەتی عێراق تا ئێستا ئەو یاسایەی جێبەجێ نەكردووە، بە نسبەت وەزارەت و پارێزگاكانەوە، ئومێدەوارین ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن. ئێمە وردەكارییەكانی دۆسیەی نەوت و داهاتی فیدراڵیمان ئامادە كردووە و شاندەكە چووە بۆ ئەوەی ئەو بابەتە یەكلابكاتەوە”.

سەبارەت بە بەربەستەكانی بەردەم ڕێكەوتنەكە جوتیار عادل ڕایگەیاند، خەمساردییەك هەیە، ناتوانم بڵێم لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام سرووشتی بابەتەكە، سرووشتێكی وردەكاری زۆری تێدایە، ئێمە كاتی خۆی لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتین بەرلەوەی پڕۆژەكە بچێتە پەڕلەمان ڕێككەوتنێكی باش بوو، لە پەڕلەمانیش تێپەڕێندرا و پێمانباش بوو، پێمانوایە حكومەتی عێراقیش جددییە لەو بابەتە، بەڵام هەندێك ووردەكاری هەیە، وەك داهاتی نەوت، داهاتی فیدراڵی، وردبینی حساباتە لە 2004ەوە، پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمە لای بەغدا.

ئاشكراشیكرد، ئەم پرسە سادە نییە و بابەتێكی ورد و ئاڵۆزە، ئەگینا هیچ بەربەستێكی دیكەی گەورە نییە، خوانەخواستە بڵێم حكومەتی عێراق خەمساردە یان پاشگەز بووەتەوە.

لای خۆشییەوە فارس عیسا سەرۆكی نووسینگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.

وتیشی “كۆبوونەوەكان سەبارەت بە جێبەجێكردنی بەندی 11ی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی پشكی هەرێمی كوردستانە”.

ئاشكراشیكرد، شاندەكە تەنها لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە و هیچ لایەنێكی سیاسی نابینن.

وتیشی: ئەگەر كێشەی سیاسی بۆ بابەتەكە دروست نەكرێـت، بە زووترین كات كێشەكە چارەسەر دەبێت.