سەردێر

گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو، مانگانە پارە لە پارتی وەردەگرن

كۆمەڵ و یەكگرتوو بەردەوامی پارتی رەخنەباران دەكەن و پارەشی لێوەردەگرن

خەڵك-

بەپێی زانیارییەكان بەشێك لە حزبەكان بودجەی خۆیان لە پارتی وەردەگرن، بەشێوەیەك پارتی لە چوار دەرگاوە بودجەی مانگانە بە حزبە سیاسییەكان دەدات، بەشێوەیەك بودجەكەی پارتی لەبەرزترین ئاستدا (25 دەفتەر) دۆلارە بۆ مانگێك، لە نزمترین ئاستیشدا (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) دینارە.

بەپێی زانیارییەكان ئێستا بودجەی پارتە سیاسییەكان، لەلایەن پارتییەوە دەدرێت‌ بەشێوەیەك، سۆسیالیست مانگانە (100 هەزار) دۆلار و زەحمەتكێشانیش مانگانە (50هەزار) دۆلار لە بارەگای بارزانی وەردەگرن.

كۆمەڵی دادگەریی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، مانگانە (150 هەزار) دۆلار لە نێچرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم وەردەگرن.

هاوكات بزووتنەوەی گۆڕانیش مانگانە بڕەكەی (25 هەزار) دۆلار لە مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیران وەردەگرێت، و مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتیش مانگانە بڕە پارەیەك دەداتە حزبە بچوكەكان كە حزبیان تێدایە بودجەی (ملیۆنێك‌و 500 هەزار) دینارە.

وەرگرتنی بودجە لەلایەن ئەم حیزبانەوە لە پارتی لە حاڵێكدایە كە مووچەی فەرمانبەران بەپێی پێویست نادرێت و زۆرێك لە پرۆژەكانیش راگیراون و ئەمەش بەپێی هیچ یاسایەك نییە.

لە كاتێكیشدایە بەشێك لە ئەم حیزبانە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتوو رەخنە لە پارتی دەگرن و كێشەكان دەخەنە ئەستۆی ئەو.
سەرچاوە/ ماڵپەڕی درەومێدیا