سەردێر

محەمەد حاجی مەحمود: ئامادەم خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم

خەڵك-

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست ڕایدەگەیەنێت، خەڵكی هەرێمی كوردستان خۆی دەبێت بڕیار بدات لەسەر دەستوور، هیچ كەسێك نایخاتەسەر سینیەكی زێڕین و بێت پێشكەشی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بكات.

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، دەستوور دەبێت هەموو جوگرافیای كوردستانی باشوری تێدابێت، لەدەستووری هەرێمی كوردستاندا دەبێت مەسەلەی سەرۆكی هەرێم میللەت هەڵیبژێرێت، ئێمە ئەو دوو خاڵەمان لا گرنگە، بەڵام سیستەمەكە سیستەمێكی پەڕلەمانی بێت.

وتیشی”سیستەمەكە دەتوانرێت پەڕلەمانی بێت، بەڵام ئەگەر سەرۆك لەناو خەڵكی هەرێمی كوردستاندا هەڵبژێردرێت یەكەم دیموكراتی زیاترە، دووەم مافی هەموو تاكێكی خەڵكێكی كوردستان پێشێل ناكرێت ڕێگەی لێبگیرێت دەنگ بدات واتە پەڕلەمان ڕەنگە نوێنەری هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت بۆچی پەڕلەمان بە 111 كەسەوە سەرۆك هەڵبژێرێت، ئەی بۆ میللەتێكی سێ ملیۆنی دەنگ نەدات بۆ سەرۆكەكەی خۆی، دووەم ساڵانی پێشوو كە سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرا زیاتر لە 20 كەس خۆی كاندیدكرد بۆ سەرۆكایەتی، بەڵام ئێستا ئەگەر لەناو پەڕلەمان بێت جگە لە یەكێتی و پارتی هیچ كەسێك ناتوانێت خۆی كاندید بكات واتە مافی هەموو ئەو خەڵكە پێشێل دەكرێت”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەر سەرۆك لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرێت، ئامادەم خۆم كاندید بكەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، جاری پێشوو لەناو خەڵكدا هەڵبژێردرا و ژمارەیەكی زۆر خۆیان كاندید كرد، ئەوكاتە حەڤدە-هەژدە كەس دەنگیشیان هێنا بۆ نموونە كاك (كەمال میراودەلی) نزیكەی نیوملیۆن دەنگی هێنا.

جەختی لەوەش كردەوە، كۆمەڵێك كێشەمان هەیە لە هەرێم، حزبەكان پێیانخۆشە دەستوور نەبێت و خۆیان بڕیار بدەن لەجیاتی دەستوور، ئەگەر دەستور هەبوو ئەوكاتە حزبەكان ناچارن ئیلتزامی پێوەبكەن واتە ئەوكاتە قەزا ودادگاكان دەتوانن ڕۆڵ ببینن، ئەو حیزبەی پابەند نەبێت بەبڕیارەكانی دەستوورەوە، دەتوانن چوارچێوەی سنورداربكەن.