سەردێر

شاندی هەرێم بۆ 3 دۆسیە گەیشتە بەغدا

خەڵك-
شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێ‌ كردنی سێ‌ دۆسیە لەگەڵ حكومەتی عێراقی گەیشتە بەغدا.

ئەحمەد سەفار، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە پشكی پارتی بۆ ئاژانسی فەرمی حكومەتی عێراقی ڕایگەیاندووە، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتۆتە بەغدا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق.

ڕاشیگەیاندووە، هۆكاری سەردانەكە كۆبوونەوەیە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێ‌ كردنی ماددەی 11 لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی، كە تایبەتە بە پشكی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەوەش سێ‌ لایەن بەشدارن، كە وەزارەتەكانی دارایی و نەوت و دیوانی چاودێری داراییە.

لای خۆشیەوە، ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی وتویەتی، “هۆكاری سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ گفتوگۆ كردنە لەسەر هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجە و ناردنی پشكی هەرێم.

جەختیشی كردۆتەوە، گەلی كوردستان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت و جێبەجێ‌ نەكردنی بودجەش كاریگەری قەیرانەكەی زیاتر كردووە.

ئاشكراشی كردووە، شاندەكە گفتوگۆ دەكات لەسەر پشكی هەرێم و كێشەی ئابووری و لێبڕینی مووچە و ئەگەری ڕێككەوتنی كۆتایی هەیە لەسەر ئەو پرسانە.

هەفتەی ڕابردوو فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا بڵاویكردەوە، كە حكومەتی هەرێم سەرجەم داتاكانی لە لیستی فەرمانبەران و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان و گومركەكان داوە بە بەغدا.