سەردێر

عێراق و هەرێم ڕێككەوتن

خەڵك
حكومەتی عێراق و هەرێم ڕێككەوتن لەسەر كردنەوەی ڕێگاكان بەڕووی بەروبوومی شارەكانی هەرێم و وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بڕیاردرا بە كردنەوەی بازاڕەكانی ناوەڕاست‌ و خواروی عێراق بەڕووی جوتیارانی هەرێمدا.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ‌ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەكانمان بۆ مەبەستی ساغكردنەوە و هەناردەكردنی بەرهەمەكانی ناوخۆی جوتیاران بۆ بازاڕەكانی ناوەڕاست ‌و خوارووی عێراق‌ و ئاڕاستەكردنی نووسراوێك لەلایەن سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ بڕیاردرا بە كردنەوەی بازاڕەكانی ناوەڕاست‌ و خوارووی عێراق بەڕووی جوتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی.

ڕاشیگەیاندووە، لە ئێستادا وەزیری كشتوكاڵی عێراق و شاندێكی یاوەری لە هەولێرن بۆ مەبەستی بەسەركردنەوەی پڕۆژەكان‌ و پەرەپێدانی پەیوندیەكان.

ئاشكراشی كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ بەئامادەبوونی هەردوو تیمی وەزارەت كۆبوونەوەیەكی هاوبەش ‌و گرنگ ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆ و چارەسەركردنی كێشە پەیوەندیدارەكانی نێوان هەردوولا.