سەردێر

ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

شەش مانگ تێپەڕی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا جێبەجێنەكراوە، نە هەرێم نەوتی نارد نە بەغدا بوودجە

خەڵك-

سەرۆكی نوسینگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.

فارس عیسا سەرۆكی نوسینگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەك شەممە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم دەگاتە بەغدا و لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە.

وتیشی”كۆبوونەوەكان سەبارەت بە جێبەجێكردنی بەندی 11ی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی پشكی هەرێمی كوردستانە”.

ئاشكراشیكرد، شاندەكە تەنها لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە و هیچ لایەنێكی سیاسی نابینن.

راشیگەیاند، ئەگەر كێشەی سیاسیی بۆ بابەتەكە دروست نەكرێـت، بە زووترین كات كێشەكە چارەسەر دەبێت.

لە‌بارە‌ی ئامانجی سە‌ردانە‌كە‌وە، سە‌میر هە‌ورامی وتە‌بێژی جێگری سە‌رۆكی ئەنجومەنی وە‌زیران ڕایگە‌یاند، ئە‌م سە‌ردانە‌ ئامانج لێی گفتوگۆكردنە‌ لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراقی و لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كان لە‌بارە‌ی داڕشتنی میكانیزمێكی بۆ جێبە‌جێ كردنی یاسای بودجە‌ی عێراق بە‌تایبە‌ت ئە‌و بڕگانە‌ی پە‌یوە‌ستن بە هھە‌رێمی كوردستانەوە.
وتیشی”حكومە‌تی هە‌رێم پابە‌ندبوونی خۆی بە‌ یاسای بودجە‌ دووپاتكردووەتە‌وە‌ و ئە‌و ئە‌رك و پابە‌ندییە‌ی لە‌سە‌ریە‌تی وە‌كو خۆی جێبە‌جێ دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی شایستە‌ داراییە‌كانی هە‌رێم لە‌لایە‌ن حكومە‌تی فیدراڵییە‌وە‌ بدرێت”.