سەردێر

یەمەن.. بەدخۆراكی ژیانی منداڵانی رەش كردووە

خەڵك
لە یەمەن كە یەكێك لە گەورەترین قەیرانەكانی جیهانی تێدا دەگوزەرێت، سەدان هەزار منداڵ پڕجووڵەترین قۆناغی ژیانیان بە جەستەیەكی لاوازەوە بە رزگاربوون لە پەنچەری مردن بەسەر دەبەن.

لە یەمەن سەدان هەزار منداڵ كە رووبەڕووی كێشەی بەدخۆراكی بوونەتەوە، بوونەتە قوربانی ئەو جەنگەی زیاتر لە شەش ساڵە لەو وڵاتە درێژەی هەیە و، قورسترین باجی ئەو جەنگە ئەوان دەیدەن.

بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، لە یەمەن بێ كاری و ئاوارەبوون زیادی كردووە و پێدانی مووچە قورس بووە، خێزانەكان هەوڵ و تەقەلا دەدەن بۆ مانەوەی منداڵەكانیان لە ژیاندا كە تەنیا پێست و ئێسكیان ماوەتەوە.

ئیبراهیم، باوكی شادی تەمەن ١٠ ساڵان كە دووچاری بەدخۆراكی و كێشەی ئەترۆفی مێشك بووە، یەكێكە لەوانەی هەموو هەوڵ و تەقەلای بۆ مانەوەی منداڵەكەیەتی لە ژیاندا.

بەشی بەدخۆراكی منداڵ لە نەخۆشخانەی ئەلسەبین لە سەنعای پایتەخت، دەیان منداڵی تێدایە كە بەهۆی بەدخۆراكییەوە گەشەی جەستەی و مێشكیان تەواو نییە.

ئیبراهیم كە بۆ چارەسەر كوڕەكەی هێناوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە كرد كە پێش جەنگەكە كاری هەبووە، بەڵام دواتر كارەكەی لەدەستداوە و ناچار بووە كۆچ بكات.

وتیشی: ”هەلومەرج زۆر سەختە. پارەی كڕینی دەرمانم نییە و زیاتر لە ١٥٠ هەزار ریاڵ (٢٥٠ دۆلار) قەرزدارم”.

– ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆقێنەرن

راپۆرتەكانی هەریەك لە رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (فاو)، سندوقی هاوكاری منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف)، بەرنامەی خۆرااكی جیهان (دەبلیو ئێف پی) و رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی (دەبلیو ئێج ئۆ) ئاماژە بەوە دەكەن كە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، لە یەمەن كێشەی بەدخۆراكی لە منداڵاندا سەدا ٢٢ زیادیكردووە.

ئەو رێژەیەش لە دەستپێكی جەنگی ناوخۆوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا بەرزترین ئاستی بەدخۆراكییە.

ئەو رێكخراوانە كە سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانن، مانگی رابردوو، باس لەوە دەكەن كە چاوەڕوانن لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢،٣ ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان دووچاری كێشەی بەدخۆراكی ببنەوە و، ١٠٠ هەزار منداڵی دیكە كە دووچاری كێشەی بەدخۆراكی توند بوونەتەوە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە.

بەهۆی ئەو جەنگەی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا لە یەمەن درێژەی هەیە، دانیشتوانی ئەو وڵاتە كە ٣٠ ملیۆن كەسن سەدا ٨٠یان پێویستیان بە هاوكاری مرۆییە.

سەرچاوە: ئاژانسی ئەنادۆلۆ