سەردێر

بەرهەم ساڵح: پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

خەڵك
سەرۆك كۆماری عیراق ڕایگەیاند، عیراق بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، دەشڵێت پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق لەمیانی وتارێكدا لە چوارەمین كۆنگرەی ساڵانەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ڕایگەیاند، عیراق بە قۆناغێكی هەستیار و مەترسیداری سیاسیدا تێدەپەڕێت، ھەروەك دەستكەوتی گەورەی نیشتمانی لە پێشە، بۆیە ھەموو ئەمانە ئەوە دەخوازێ چاكەخوازان سەروەری وڵات و ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و تەبایی و گیانی برایەتی نیشتمانی بپارێزێن.

دەشڵێت، لە هەموویان گرنگتر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا لە مانگی تشرینی یەكەمی ئایندە، كە داواكارییەكی نیشتمانییە و ناكرێت نادیدە بگیرێت، بەو پێیەی پێویستییەكی سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستا بەرەو
دەستپێكی قۆناغ و پەیمانێكی سیاسی تازە كە تیایدا عێراقییەكان بتوانن حكومەتێكی نیشتمانی توانادار دابمەزرێنن.

بەرهەم ساڵی وتیشی، بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە ئەمنی و ئابوورییەكان پێویستی بەوەیە بگەڕینەوە بۆ رای خەڵك لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، چونكە گەلی عێراق و گەنجانی بێ كارە چی دیكە ناتوانن بەرگەی ئەم دۆخە ناهەموارەی وڵات بگرن، ئەوان داوای ژیانێكی شكۆمەندانە دەكەن، ئەمەش پەیوەستە بە ئەنجامدانی چاكسازییەكی بنەڕەتی راستەقینە كە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی گەل و وڵات بێت و بەربەستە سیاسییەكان تێپەڕێنێت و پێداچوونەوەی سیاسی راستەقینە و هەمواركردنەوەی دەستووری و ئاسایی بێتەكایەوە.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە بەگژ گەندەڵی ئیداری و سیاسی و ئابووریدا بچینەوە كە كاریگەریان هەیە لە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی جددی و هەڵوێستی سیاسی تازە هەیە، ھەروەھا ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆكایەتی كۆمار پڕۆژە یاسایی گێرانەوەی پارە دزرا و بەتاڵانبراوەكانی گەندەڵی و راوەدوونانی گەندەڵكاران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران كرد.

سەرۆك كۆمار، داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان كرد كە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نیشتمانی تۆكمەتر بكەن و زمانی ئەقڵ و لۆژیك بكەنە سەرمەشق و بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەوە، ھاوكات دووپاتیكردەوە كە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ئێستا پێویستە یاسا سەرورە بێت و رێوشوێنە یاساییەكانیش بە باشی پیادە بكرێن.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.

No description available.